
شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەكات لە رۆژی یەكشەممەوە زستان دەست پێدەكات و پێشبینی ئەوە دەكات كە سارترین زستان روو لە هەرێم دەكات.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی ڕاگەیاند" ڕۆژی یەکشەممە بەرواری ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕێک لە کاتژمێر ٦:٠٣ خولەکی ئێوارە بەکاتی هەولێری پایتەخت، وەرزی زستان لە نیوەگۆی باکووری زەوی و ناوچەکانی ئێمە بە فەرمی دەستپێبکات، کە کۆی گشتی تەمەنی ئەم وەرزە ٨٨ ڕۆژ و ٢٣ کاتژمێر و ٤٢ خولەک دەبێت".
ئەو شارەزایە ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم وەرزەدا، چلەی زستان کە ٤٠ ڕۆژی ناوەڕاستی وەرزەکە دەگرێتەوە، دەبێتە ساردترین و سەخترین ڕۆژەکانی ساڵ و تێیدا پلەکانی گەرما دەگەنە نزمترین ئاستی خۆیان.
ناوبراو پێشبینی دەکات زستانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لە سێ زستانی ڕابردوو ساردتر بێت و ڕێژەی بەفر و بارانبارین تێیدا زیاتر بێت، بە جۆرێک کە چاوەڕوان دەکرێت چەند شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفربارینێکی زۆر ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانیدا، شاڵاو هیدایەت هۆشداری دەدات، کە زستانی ئەمساڵ زوقم و شەختە و بەستنێکی زۆری تێدا دەبێت، کە ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە درەختە جۆراوجۆرەکان و لە هەندێک ناوچەشدا بەهۆی توندی سەرمایەکەوە ئەگەری وشکبوونی درەختەکان هەبێت، ئەمەش وا دەخوازێت کە هاوڵاتیان و جوتیاران ئامادەکاری پێشوەختە بۆ ئەو شەپۆلە ساردانە بکەن کە لە ماوەی داهاتوودا ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.