
ڕێگای كوردستان- كه‌ركوك
ماوەی چوار مانگە عەجاجی نوگرە سەلمان دەستگیرکراوە، کەچی هێشتا دادگایی نەکراوە، ڕزگاربووان و کەسوکاری ئەنفالکراوان گومانیان لە دواخستنی دادگاییکردنه‌كه‌ی هەیە، چالاكوانانی جینۆسایدیش دڵنیایی ده‌ده‌ن له ئه‌نجامدانی دادگایی كردنیی. دادوه‌رێكی خۆبه‌خشی كه‌یسه‌كه‌ش جه‌خه‌ت له‌وه ده‌كاته‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان به‌و ئاراسته‌یه‌یه تا پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه دوا نه‌خرێت.
ڕۆژی 31/7/2025 هەواڵی دەستگیر کردنی، عەجاج ئەحمەد حەردان، ناوسراو بە "عەجاج تکریتی"، یەکێک لە گەورە تاوانباره‌كانی ئەنفال و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نشتیمانی عێراقەوە بڵاو کرایەوە.
دوای ده‌ستگیركردنی، داوا لە ڕزگاربووانی زیندانی نوگرە سەلمان کرا، بچنە دادگاکان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی تاوانبارەکە، بەڵام ماوەی زیاتر لە چوار مانگە عەجاج دەستگیر کراوە کەچی تا ئێستا دادگایی نەکراوەو بێدەنگی لەو کەیسە هەیە.
یەکێک لەو کەسانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان، ئازار‌و ئەشکەنجەی دەستی عەجاجی تاوانبار چەشتووە و دوو خوشکیشی هه‌ر لەو زیندانە لە برسا مردوون، بە ڕێگای کوردستانی ڕاگه‌یاند: "من نزیکەی دوو مانگە سکاڵام تۆمارکردووەو ئامادەم بچمە بەردەم دادگا و شاهێدی لەسەر تاوانەکانی عەجاج بدەم، بەڵام تا ئێستا بانگ نەکراوین". ئامینه ساڵح حوسێن، ناڕه‌زاییشی ده‌ربڕی له‌وه‌ی کەیسەکە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت، بۆیە گومانیان هەیە دواکەوتنی دادگایی‌کردنی عەجاج دەستێکی لە پشتەوە هەبێت.
ئەنوەری حەمەلاو، یەکێکی تره لە کەسوکاری ئەنفالكراوه‌كان و لە دادگای کەلار فۆرمی سكاڵای پڕ كردۆته‌وه، به‌ڵام گومانی هه‌یه كه كه‌یسی عه‌جاج به لاڕێدا ببرێت، چونكه تا ئێستا بانگ نه‌كراون.
ئەوی زیاتر گومانه‌كانی ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌لاوی زیاد كردووه جیاوازیكردنه له تۆماركردنی سكاڵا، چونكه به ئاره‌زووی خۆیان هه‌ندێكیان بانگ كردووه و هه‌ندێكی تریان بانگ نه‌كردووه، بۆیه پرۆسه‌ی سکاڵا تۆماركردن له‌سه‌ر عه‌جاج بە چەواشەو سیناریۆ دێتە پێش چاو. وتیشی: دیارە حزبەکانی دەسەڵات نایانەوێت کار بۆ دادگایی‌کردنی ئەنفالچی و کۆنە بەعسییه‌كان بکەن، نه‌وه‌ك دڵی لایه‌نه عەرەبە سوننەکان بڕەنجێنن.
ئاسۆ محه‌مه‌د، كه ئێستا وه‌ك دادوه‌رێكی خۆبه‌خش له‌و كه‌یسه كار ده‌كات، پێشتر دادوه‌ر بووه له كه‌یسی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و فه‌یلییه‌كان و سه‌رۆكی كه‌یسی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان بووه، تایبه‌ت به ڕێگای كوردستانی ڕاگه‌یاند: هه‌ندێك لایه‌نی قه‌زایی و یاسایی ماوه، كه ئه‌و ڕێكارانه ته‌واوبوون، ڕه‌وانه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ده‌كرێت، دوای پێداچوونه‌وه، كات و ڕۆژی دادگاییكردنه‌كه دیار ده‌كرێت، ئه‌و دادوه‌ره خه‌تیشی له‌وه كرده‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان به‌و ئاراسته‌یه‌یه تا پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه دوا نه‌خرێت.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایی و گومانانه‌ی ڕزگاربووان و كه‌سوكاری زیندانیانی نوگرە سەلمان، له بەلاڕێدابردن و داوخستنی دادگایی كردنه‌كه، چالاكوانانی جینۆساید به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان، پێیانوایه پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه له ئاینده‌یه‌كی نزیك ده‌ست پێده‌كات.
له‌مباره‌وه ئەحمەد مەجید چالاکوانی بواری جینۆساید، بە ڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند، کەیسی عەجاج لە دادگای کەرخە لە شاری بەغدا و بەم نزیکانە بە ئامادەبوونی شاهیدەکان، دادگایی‌کردنی تاوانبارەکە دەستپێدەکات. دڵنیایی ئه‌وه‌شیدا كه به‌رده‌وام چاودێری كه‌یسه‌كه ده‌كه‌ن.
هاوکات تەحسین حەمید کە ئەویش یەکێکە لە چالاکوانانی بواری جینۆساید، پشتڕاستی قسەکانی ئەحمەد مەجیدی کردەوەو وتی: "کەیسی دادگایی‌کردنی عەجاج تکریتی ڕێکاری یاسایی خۆی گرتووەو درەنگ بێت یا زوو دادگایی دەکرێت، هیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێت ئەو کەیسە بەلاڕێدا بەرێت. وتیشی: دۆسیه‌ی ئەو کەسانەی وتەیان لێ وەرگیراوە، ئامادە کراوەو بەم نزیکانە ڕەوانەی دادگای کەرخی بەغدا دەکرێت.
ده‌رباره‌ی بێده‌نگی له دادگایی كردنی عه‌جاج، لەتیف فاتیح فەرەج نووسه‌ر و چالاكوان، ئاشكرای كرد، دەزگای تەناهی عێراق بە شێوەیەكی نهێنی كارەكان دەكات، دەیانەوێت تەواوی زانیاری و وتەكانی وەربگرن ، خەڵكی دیكەش بانگ‌كراون بۆ گەواهی دان، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە هێمنی و بە وردی بڕوات بەڕێوە و میدیا دەستوەردان نەكات و لە قاوی نەدات، ناكرێت جارێ ئەو باس و خواسە بخرێتە بەردەم میدیا. جه‌ختیشی كرده‌وه كه كە میدیای جیهانی بە ناوبانگ پەیوەندی كردوە بۆ ئەوەی كاری لە سەر بكات، بە تایبەت كاری دیكۆمێنتاری، به‌ڵام دەزگای ئاسایشی عێراق ڕێگەی نەداوەو پێی وتون جارێ كاتی ئەوە نییە.