
ئێوارەی ئەمڕۆ ۱۷/١٢ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، ژمارەیەک گەنجی کوردی شاری کەرکوک هەوڵیاندا، ئاڵای کوردستان بدەن بەدەستی پەیکەری پێشمەرگە، کە لە ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئاڵای عێراق دراوەتە دەستی،
بەڵام هێزە ئەمنیەکانی شارەکە ،بە سوپاو دژە تیرۆر و پۆلیسی خۆجێی، گەیشتنە پەیکەرەکەو ڕێگەیان نەدا ئاڵای کوردستان بدرێتە دەستی پەیکەرەکەو بڵاوەیان بە گەنجەکان کرد.
لە نزیک پەیکەرەکە ژمارەیەک گەنجی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە پەیکەرەکە دوورخرانەوەو دواتر بڵاوەیان بە گەنجەکان کرد.
دوابەدوای بڵاوەپێکردنی گەنجەکان، دەنگۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک گەنج لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک ، لە ڕاگەیاندراوێکەدا، ڕەتیکردەوە،هیچ کەسێکیان دەستگیرکردبێت ، داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە،کە پیشەیانە و ڕاستگۆیانە ڕوداو و هەواڵەکان بگوازنەوە.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا فەرماندەیی پۆلیس بە مافی خۆی دەزانێت ، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەناڵانە تۆمار بکات، وەک دەڵێت ڕاستیەکان دەشێوێنێنن.
بەپێی زانیاریەکان، ژمارەیەک گەنج دەستگیرکراون، بەڵام هەر زوو ئازادکراون
لەلای خۆیەوە ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، کێشەی ئاڵای دەستی پەیکەری پێشمەرگە چارەسەر دەکەن، بەڵام بە شێوەیەک چارەسەری دەکەن نەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەو گرفت لە نێوان پێکهاتەکان
جێگای باسە لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆنترۆڵکردنی شاری کەرکوک لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، یەکەم هەنگاوی ئەو هێزانە داگرتنی ئاڵای کوردستان بوو، لە سەر تەلاری پارێزگای کەرکوک و دواتر بڕیاری قەغەکردنی دراو ئاڵای کوردستان لە هەر شوێنێک بەرز کرابووە هێنرایە خوارەوە.