تۆڕی هاوپەیمانی19 ڕایگەیاند، لەماوەكانی ڕابردودا هێزە ئەمنیەكان لە سلێمانی و هەولێر ڕێگرییان لە بەستنی دو كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی كردوە، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕون، ئەوەش پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەن مەرجی بونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن.
تۆڕی هاوپەیمانی19، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەیانی رۆژی شەممە 20ی (ئەیلول/9)ـی 2025، بڕیاربو رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ، دەستەی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایان لە باخچەیەك لە بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری رێكبخەن، یاداشتێك بخوێننەوە كە داخوازی پیشەیی مامۆستانی لە خۆ گرتوە، هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردن.
مەغدید حاجی لە رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بە تۆڕی 19ی راگەیاند، "هێزی ئەمنی بڵاوەی پێكرابو نەیانهێشت كۆنگرەكە بكەین و رێگەیشیان نەدەدا رۆژنامەنوسان لێمان نزیكببنەوە، بۆیە كۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەمان بردە شوێنێكی تر و یاداشتەكەمان خوێندەوە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە 9ی (ئەیلول/9)ـی 2025، بڕیاربو ڕێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لە پاركی نالی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبونی مۆڵەت، رێگەیان نەدا چالاكییەكەیان ئەنجامبدەن.
بەها عومەر بە تۆڕی 19ی وت، "ئامانجمان داكۆكیكردن لە ئازادی و ئەمنیەتی ئەم شارە هەستكردنتان بە بەرپەسیاریەتی و هەلوێست نیشاندانتان بۆ بەرگری كردن لە ئازادی، بەڵام رێگەیان نەداین و چوینە شوێنێكی كۆنگرەكەمان ئەنجامدا".
تۆڕی هاوپەیمانی19 باسی لەوەشكرد، ئەو دو چالاكییە گردبونەوەی گشتی نەبون بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری، وەك لە ماددەی یەكی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010، رێكخستنی خۆپیشاندان هاتوە تا رێكخەرانی داوای مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانیش قبوڵ یان رەتیبكەنەوە، بەڵكو كۆنگرەی رۆژنامەگەری بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی كۆمەڵی هاوڵاتی بوە بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم.
ئەوەشیخستەڕو، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2010 بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان، تیشك دەخاتە سەر خۆپیشاندان و ڕێپێوان و كۆبونەوە لە شوێنە گشتیەكان، بەڵام باسی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان نەكردوە، كەچی ئێستا لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نەك لە شوێنی كراوەدا بەڵكو لە هۆڵی داخراویشدا دەزگانی ئاسایش داوای مۆڵەت دەكەن، دەیخەنە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە.
تۆڕی هاوپەیمانی19 رایدەگەیەنێت، "ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن".