
سەرباری ئەوەی تا ئێستا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ، لە شاری کەرکوک قەدەغەیە سوپا ڕێگای بەرزکردنەوەی نادات، بەڵام هاوشێوەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان ،ئەمڕۆ ١٧/١٢/٢٠٢٥ لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی شاری کەرکوک ،بە کۆمەڵێک چالاکی و مەراسیمی جۆراو جۆر ، ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا.
لە زۆربەی قوتابخانە کوردیەکانی سەر بە خوێندنی کوردی و بە دەم وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب و لە نێو جۆش و خۆشی بەڕێوبەران و مامۆستایان و قوتابیان، ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە
لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆنترۆڵکردنی شاری کەرکوک لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، یەکەم هەنگاوی ئەو هێزانە داگرتنی ئاڵای کوردستان بوو، لە سەر تەلاری پارێزگای کەرکوک و دواتر بڕیاری قەغەکردنی دراو ئاڵای کوردستان لە هەر شوێنێک بەرز کرابووە هێنرایە خوارەوە.
پاشان وەک سووکایەتیکردن بە کوردو پێشمەرگەوە ئاڵای کوردستان، هێزە عێراقییەکان، ئاڵای کوردستانیان لە دەستی پەیکەری پێشمەرگە هێنایە خوارەوەو ئاڵایەکی عێراقیان لە شوێنی دانا.
لە ساڵی ٢٠١٨ واتا یەک ساڵ دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان ،حزبی شیوعی کوردستان ،وەک یەکەم حزبی کوردستانی، ئاڵای کوردستانی لە سەر بارەگای کۆمیتەی پارێزگای ئەوسا و مەڵبەندی ئێستای کەرکوک بەرزکردەوە، بەڵام دواتر بە فشاری سوپای عێراق و لە رێگەی هێزە ئەمنی کانی شارەکە ئاڵاکە لە سەر بارەگاکەی هێنرایە خوارەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩ یەکێتی ئاڵای کوردستانی لە سەر تەواوی بارەگاکانی مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند و کۆمیتەکانیی بەرز کردەوە، بەڵام پاش ئەوەی کاردانەوەی لایەنە تورکمانی و عەرەبییەکانی لێکەوتەوە ، ئاڵاکە لە سەر بارەگای کۆمیتەکان هێنرایە خوارەوە.
لە سەر بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان بە تایبەت لە جەژنە نەتەوەیی و بۆنەکانی وەک نەورۆز و ڕۆژی ئاڵا و زۆرجاریش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ، گەنجانی کورد دەستگیرکراون و سوکایەتیان پێکراوە.
ئێستاش هەڵکردنی ئەم ئاڵایە لە کەرکوک قەدەغەیە و تەنانەت بەشێکی کەمی حیزبەکان ئاڵای کوردستانیان لە پاڵ ئاڵای عێراق بەرز کردووەتەوە.