
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ ناحیەی تەکیە، چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی بەهۆی تۆفان و لافاوەکەی ڕابردووەوە زیانیان بەرکەوتووە، ڕاگەیاند.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو زیانانەی لافاوەکەی ٨ی ئەم مانگە گەیاندوویەتی بە ژێرخانی پەروەردە، بڕیاردراوە لەو ناوەندانەی خوێندن کە سەر بە پەروەردەی چەمچەماڵ و پەروەردەی گشتیی سلێمانین و زیانیان بەرکەوتووە، دەوام ڕابگیرێت. جەختیشی کردەوە: "دەوام لەو قوتابخانانە دەستپێناکاتەوە تا ئەو کاتەی بە تەواوی نۆژەن دەکرێنەوە و دەخرێنەوە بواری خزمەت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاند، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت سەردانی ناوچەکەیان کردووە و ٨ بڕیاری بەپەلەیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان دەرکردووە. وتیشی: "خۆشبەختانە توانیمان لە ماوەی تەنها شەش ڕۆژدا سەرجەم ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەین."
وەزیری پەروەردە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی سنووری چەمچەماڵ کرد و ڕایگەیاند، کە بەهۆی هەڵوێست و هەوڵەکانیان لە کاتی ڕوودانی لافاوەکە و پاراستنی ناوەندەکانی خوێندن، سوپاس و پێزانینی فەرمییان پێشکەش دەکرێت.