
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاڵپشتیکردنی لێهاتووییە ئەکادیمییەکان، زانکۆی سەلاحەدین بڕیاری دا دەرچووە یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشە زانستی و مرۆڤایەتییەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) بنێرێتە وڵاتی ئیتاڵیا بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنی ماستەر.
ڕێککەوتن لەگەڵ زانکۆکانی ئیتاڵیا
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دوای واژۆکردنی دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن دێت لەلایەن د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆ، لەگەڵ هەریەک لە زانکۆکانی (Piedmont) لە شاری نۆڤارا و زانکۆی (Pavia) لە شاری پاڤیا. ئامانج لەم ڕێککەوتنە ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنە لە زانکۆ پێشەنگەکانی ئەوروپا بۆ دەرچووە سەرکەوتووەکانی هەرێم.
وردەکاریی خەرجییەکان
بەپێی مەرجەکانی ئەم سکۆلەرشیپە هاوبەشە، زانکۆی سەلاحەدین سەرجەم تێچووەکانی کرێی خوێندن (Tuition fee) و تێچووی تاقیگە و توێژینەوە (Bench fee) دابین دەکات.
لە بەرامبەردا، تێچووی سەفەر، ڤیزا و بژێوی ژیان و مانەوە لە وڵاتی ئیتاڵیا لە ئەستۆی خودی قوتابی دەبێت.
ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاستی زانستیی دەرچووان و هاندانی زیاتری قوتابیان بۆ کێبڕکێی زانستی، تا بتوانن لە داهاتوودا بە ئەزموونێکی نێودەوڵەتییەوە خزمەتی کەرتی خوێندنی باڵا لە کوردستان بکەن.