
لە لێدوانێکیدا، بۆ ڕۆژنامەی (الحقیقە)ڕائد فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، جەختی کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆژی ١٤ی تەممووز وەک جەژنێکی نیشتمانی، هەوڵێکی مەبەستدارە بۆ سڕینەوەی ڕاستییەکانی مێژوو.
فەهمی ئاماژەی بەوە کرد کە شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ سەربەخۆیی سیاسی ڕاستەقینە، دامەزراندنی کۆماری و دەرکردنی یاسای چاکسازی کشتوکاڵی و باری کەسێتی کە عێراقیان بەرەو پێشکەوتن برد.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پشووی ۱٤ی تەمووزی بە تۆڵەسەندنەوە و بەکەمزانینی مێژوو ناو بردو ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم ڕۆژە وەک سیمبوولی نیشتمانی بگەڕێنرێتەوە.
ڕائد فەهمی هۆشداری دا لەوەی کە عێراق ئەمڕۆ بەهۆی گەندەڵی و سیستەمی پشکپشکێنەوە ڕووبەڕووی مەترسی گەورە بووەتەوە، بۆیە پێویستە هێزە نیشتمانییەکان بە ڕۆحیەتی یەکێتییەکەی ساڵی ١٩٥٨، بۆ پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەکە و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی یەکبگرن.
