لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانە سنوورییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان، هەریەک لە لایەنەکان باس لە زیانی قورسی بەرانبەرەکەیان دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە شەڕێکی کراوەدایە لەگەڵ دراوسێکەیدا.

لێرەدا بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە لەندەن، ڕوونکردنەوەیەک دەخەینە ڕوو، کە باڵادەستیی پاکستان بەسەر ئەفغانستاندا لە ڕووی هێزی سەربازی و جبەخانەکانەوە نیشان دەدات.

هێزە چەکدارەکانی پاکستان سوودمەندن لە توانایەکی باشی سەربازی و پاراستنی سەربازەکانیان، کە بە کەلوپەلی سەربازیی وڵاتی چین ، هاوبەشە بەرگرییە سەرەکییەکەیان  پاڵپشتی دەکرێن. هەروەها، ئیسلام ئاباد بەردەوامە لە وەبەرهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییە سەربازییەکانیدا و کار بۆ مۆدێرنکردنی کەشتیگەلی دەریایی و هێزە ئاسمانییەکانی دەکات.

لە بەرامبەردا، تواناکانی هێزە چەکدارەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی و هەروەها توانای بەکارهێنانی ئەو کەلوپەلە بیانیانەی کە لە ساڵی ٢٠٢١دا پاش گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات دەستیان بەسەردا گرت، لە پاشەکشەدایە، نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حکومەتی تاڵیبان، کاریگەریی نەرێنیی خستووەتە سەر پرۆسەی نوێکردنەوەی سوپاکەی.

ژمارەی سەربازە چالاکەکانی هێزەکانی بەرگریی پاکستان دەگاتە ٦٦٠ هەزار کەس، لەوانە ٥٦٠ هەزار لە هێزی وشکانی، ٧٠ هەزار لە هێزی ئاسمانی و ٣٠ هەزار لە هێزی دەریاییدان.
بەڵام ژمارەی سوپای ئەفغانستان کە سەر بە تاڵیبانە زۆر کەمترە و تەنها ١٧٢ هەزار سەربازی چالاکە، هەرچەندە بزووتنەوەکە پلانی خۆی بۆ زیادکردنی هێزە چەکدارەکانی بۆ ٢٠٠ هەزار کەس ڕاگەیاندووە.

لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە، ئەفغانستان خاوەنی فڕۆکەی جەنگی نییە و هێزێکی ئاسمانیی ئەوتۆی نییە کە جێگەی باس بێت، ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە لانی کەم شەش فڕۆکەی هەیە کە هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سۆڤیەت، لەگەڵ ٢٣ هێلیکۆپتەر، بەڵام نازانرێت چەندیان شیاون بۆ فڕین.
لە ڕووی چەکی ئەتۆمییەوە، پاکستان خاوەنی ١٧٠ کڵاوەی ئەتۆمییە، لە کاتێکدا ئەفغانستان هیچ جبەخانەیەکی ئەتۆمیی نییە.

لە شەوی ڕابردووە، شەڕو پێکدادانی توند لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان ، لەسەر سنورەکانی هەردوو ووڵات سەریهەڵداوە،
هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئەم پێکدادانانە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییە مێژووییەکانی سەر هێڵی سنووریی نێوان هەردوو وڵات (هێڵی دیورەند)، لەگەڵ بوونی چەکدارانی بزووتنەوەی "تەحریكی تاڵیبانی پاکستان - (TTP)لە ناو خاکی ئەفغانستاندا. ئیسلام ئاباد بەردەوام کابوڵ تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی ئەو چەکدارانەی کە هێرش دەکەنە سەر سوپای پاکستان و خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکاردەهێنن، هەر بۆیە زۆرجار هێزەکانی پاکستان هێرشی ئاسمانی و تۆپباران دەکەنە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان بە مەبەستی پێکانی ئەو گروپە، ئەمەش وەڵامدانەوەی سەربازیی هێزەکانی تاڵیبانی لێ دەکەوێتەوە و شەڕی سنووریی لێ درووست دەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا