
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە فەرمی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس "لە ڕووداوێکی ئەمنی" دەکەن لە ناو کۆشکی کۆماری بۆ سەر ،ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا.
نورەدین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەندێک سەکۆ و پەیج هەواڵێکی ناڕاست و دوور لە ڕاستییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن ڕووداوێکی ئەمنی بۆ سەر ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ووڵات ئەنجامدراوە.
ووتییشی،ئە سەرجەم ئەو هەواڵانە پڕوپاگەندەو درۆن.
ئەم بەیاننامەیەی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە دێت، کە باس لەوە دەکەن لەناو کۆشکی کۆماری گرژی لە نێوان، شەرع و چەند کەسێکی تر درووستبووە، لە ئەنجامدا تەقە لە ئەحمەد شەرع کراوەو بریندار کراوە، پاشان دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا گواستراوەتەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەحمەد شەرع لە چاوی میدیاکان دوورەو هیچ هەواڵێکی نییە، دوێنێش لەکاتی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)و کۆبونەوەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکومەتی سوریا ، ئەحمەد شەرع ئامادەی کۆبونەوەکە نەبووەو هیچ ڕاگەیەندراوێکیش لە بارەی وردەکاریەکانی کۆبونەوەکان بڵاو نەکراوەتەوە.