
چوارچێوەی هەماهەنگی، کە گەورەترین چەتری هێزە سیاسییە شیعەکانە لە پەرلەمانی عێراق، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی یەکلایی کردووەتەوەو ڕێکەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی داهاتوو و بەرنامەی حکومەتی داهاتوو کراوە.
ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەلام زوبەیدی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دانیشتن و دیدارە چڕ و پڕەکان کە هێزەکانی چوارچێوە ئەنجامی دەدەن، پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە نزیکبوونەوە لە بۆچوونەکاندا پیشان دەدەن. هەروەها تێگەیشتنێکی فراوان هەیە لەسەر پێویستی هەڵبژاردنی کەسێک کە بتوانێت قۆناغی داهاتوو بە لێهاتوویی ووڵات بەڕێوەببات و ئارامی سیاسی و خزمەتگوزاری دەستەبەربکات و بەرژەوەندیی باڵای وڵات لەبەرچاو بگرێت.
زوبەیدی ڕوونیکردەوە ،گفتوگۆکان تەنها لەسەر ناوەکان نییە، بەڵکو بەرنامە حکومییەکە و پێشەکییەکانی کارکردنی جێبەجێکردنیشی تێدایە، لە پێشەوەیاندا باشترکردنی دۆخی ئابووری، پشتگیری ئاسایش و ئارامی، و بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان. ڕێککەوتن لەسەر ئەم بابەتانە هاوکاتە لەگەڵ بابەتی دیاریکردنی کاندیدێک.
زوبەیدی زیاتر ووتی ، ئەو کەشە ئەرێنییەی کە بەسەر گفتوگۆکاندا زاڵە، نیشانەی حەریسی هەموو لایەنەکانە بۆ دوورکەوتنەوە، لە ناکۆکی و هەنگاونان بۆ ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە کە ببێتە هۆی دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و بە توانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. ووتیشی ڕۆژانی داهاتوو دەکرێت بە فەرمی کاندیدی سەرۆک وەزیران ئاشکرا بکرێت.
هەر ئەمڕۆ پێگەی (بەغداد الیوم) بڵاویکردەوە ، کە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری لە سەر کەسێک داوە بەفەرمی کاندیدی بکات بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، کاندیدەکە کەسایەتییەکە لە ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاست، دەرچووی زانکۆی بەغدادە، و ناکۆکییەکی توند دروست ناکات لەنێوان هێزە شیعە سەرەکییەکان.