
ژووری هەواڵی ئازادی
ئەمڕۆ، یەکشەممە، وڵاتی چین داوای لە ئەمریکا کرد دەستبەجێ نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی ئازاد بکات و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستبەسەرکردنیان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ڤەنزوێلا ڕەتیدەکاتەوە شوێنی مادۆرۆ بزانێت و داوای دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە و ڕووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و داوای کەمکردنەوەی دۆخی خراپی گرفتەکەی کردووە.
لەڕاگەیەنراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی چین، نیگەرانییەکی زۆری لە دەستبەسەرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا و دوورخستنەوەیان لە وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە دەربڕی.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی چین جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و نۆرمەکانی بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، و پێچەوانەی ئامانج و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
چین داوای لە ئەمریکا کرد "سەلامەتی شەخسی مادۆرۆ و هاوسەرەکەی مسۆگەر بکات و دەستبەجێ ئازادیان بکات"، جەختی لەسەر پێویستی "چارەسەرکردنی پرسە مشتومڕاوییەکان لەڕێگەی دیالۆگ و ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کردەوە، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سەقامگیری نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتەکان".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ڤەنزوێلا دەستپێکردووە و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆریسی هاوسەری گیراون و لە وڵاتەکەی دەرهێنراون.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن تەقینەوەکانیان لە کاراکاس ڕاگەیاند و ئیدیعایان کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ئەندامانی یەکەی نوخبەی هێزی دێڵتا ئەنجامدراوە.
دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا ڕەتیانکردەوە شوێنی مادۆرۆ بزانن و داوای پشتڕاستکردنەوەیان کرد کە مادۆرۆ لە ژیاندا ماوەتەوە. دواتر ترەمپ وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە مادۆرۆ لەناو کەشتییەکی ئەمریکیدا دەرکەوتووە.
لەبەرامبەردا، چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکەیان بە نایاسایی وەسفکرد، لەکاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە مادۆرۆ دادگایی دەکرێت.
لەسەر هەمان پرس، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا نیازی خۆی بۆ تانەدان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کارەکانی واشنتۆن ڕاگەیاند و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هاوسۆزی خۆی لەگەڵ گەلی ڤەنزوێلا دەربڕی و مۆسکۆش نیگەرانی قوڵی خۆی دووپاتکردەوە لە بەرامبەر ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە چوارچێوەی هێرشەکانی ئەمریکادا بە زۆر لە وڵاتەکە دوورخراونەتەوە.
مۆسکۆ، داوای ئازادکردنی مادۆرۆ و هاوسەرەکەی کرد و داوای کرد ڕێگری لە هەر جۆرە هەڵچوونێکی زیاتری دۆخی ڤەنزوێلا بکرێت.