
حوسێن مالیکی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی هاوپەیمانییەکە بە نووری مالیکی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەو پێیەی کاندیدی زۆرینەیە لەناو هاوپەیمانییەکەدا.
مالیکی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پابەندە بە کاندیدەکەی خۆیەوە، کە نووری مالیکییە، بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران و ووتی، ناوبراو کاندیدی زۆرینەیە بە بەدەستهێنانی ١٠ دەنگ لە کۆی ١٢ دەنگ. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو برایانەی تێبینییان هەیە لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن مالیکییەوە، خاوەنی دیدگای خۆیانن و دەکرێت ئەو دیدگایانە گفتوگۆ و ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێت.
حسێن مالیکی وتیشی ، پێمان وایە دۆخەکە هێورتر بووەتەوە و دیارە کرانەوەیەک لە هەڵوێستەکاندا هەیە، بە ووتەی مالیکی هەر کاتێک ماڵی کوردی کاندیدی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار ڕاگەیاند، دەستبەجێ مالیکی ڕادەسپێردرێت و حکومەت پێکدەهێنێت، جەختیشی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە پاشەکشەی فراکسیۆنەکە دەکەن لە کاندیدکردنی مالیکی، تەواو دوورن لە ڕاستییەوە.
مالیکی ڕوونیشیکردەوە، ئەو برایانەی بەشدارن لە دەسەڵاتی یاسادانان و بەشداریش دەبن لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە لە چوارچێوەی هەماهەنگین، جێگەی ڕێزن، ئاماژەی بەوەش دا کە تێبینییەکانیان بریتییە لە تێبینی لەسەر وردەکارییەکان نەک دژایەتیی ڕەها، ئەمەش بۆچۆنێکی ڕێزلێگیراوە.
لە کۆتاییدا حسێن مالیکی ووتی، نوری مالیکی وەک کاندیدی زۆرینە دەمێنێتەوە، و هەر ئەم زۆرینەیەشە کە کاندیدەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاری دەکات.
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کاندیدکردنەوەی مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥، هەڵوێستی ئاشکرای ئەمریکا بێپێشینە دژی ئەم بژاردەیە دەرکەوت، بەجۆرێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی گەڕانەوەی مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت وا لە واشنتۆن دەکات پێداچوونەوە بە پشتیوانییەکانیدا بۆ عێراق بکات، ناوبراو خولی پێشووی دەسەڵاتی مالیکی بەستەوە بەوەی ناوی لێنا هەژاری و پشێوی و تەشەنەسەندنی هەژموونی ئێران لەو قۆناغەدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەیوەندییە بەهێزەکانی مالیکی لەگەڵ لایەنە نزیکەکان لە تاران.
ئەم ڕەتکردنەوەیەی ئەمریکا لە ڕێگەی پەیامی دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆوە گەیەندراوەتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە تیایدا هۆشدارییان داوە لە دەرەنجامەکانی سووربوون لەسەر کاندیدکردنی مالیکی لەسەر ئاستی سزاکان یان گوشاری دارایی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دەستگەیشتنی عێراقەوە هەیە بە دۆلار لە ڕێگەی یەدەگی بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە، بەپێی ئەوەی لە پشتی پەردەی دیدار و پەیامەکانەوە دزەی کردووە.