
كەمپی هۆڵ 34 هەزار ژن و منداڵی داعشی تێدا بوو بەتەواوی چۆڵكرا.
فادی قاسم، بەڕێوەبەری کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند'' دوایین خێزان لە ناو کەمپەکە چوونەتە دەرەوە و بەمەش یەکێک لە گەورەترین و مەترسیدارترین کەمپەکانی جیهان بە تەواوی داخرا و چیتر وەک ناوەندێکی نیشتەجێبوون نامێنێتەوە.''
ئەم کەمپە پێشتر شوێنی حەوانەوەی زیاتر لە ٢٤ هەزار کەس بوو کە زۆرینەیان خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش بوون و لەو ژمارەیەش نزیکەی ١٥ هەزار کەسیان هاوڵاتی سووری بوون و ئەوانی دیکەش لە نەتەوە جیاوازەکان و هاووڵاتیانی عێراقی پێکدەهاتن کە لە دۆخێکی مرۆیی و ئەمنی ئاڵۆزدا دەژیان.
دوای ئەوەی سوپای عەرەبی سووریا کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد سەرجەم خێزانە سووری و بیانییەکان لە کەمپەکە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە و بەڕێوەبەری کەمپەکەش دووپاتی دەکاتەوە کە پڕۆسەی گواستنەوەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و هیچ کەسێک لە ناو سنووری کەمپەکەدا نەماوەتەوە.
حکومەتی سووریا پلانی تایبەتی بۆ قۆناغی دوای کەمپەکە داناوە کە خۆی لە گەشەپێدان و شیاندنەوەی ئەو خێزانانەدا دەبینێتەوە دوور لە چاوی میدیاکان تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە و ئەم پڕۆسەیەش هاووڵاتیانی ٤٢ وڵاتی جیاواز دەگرێتەوە کە پێشتر لەو کەمپەدا نیشتەجێ بوون.