
دوای ماوەیەک لە ئارامی، گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو جارێکی دیکە بەرزبوونەوە. ئەمڕۆ شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، کە هێرشیان کردووەتە سەر پێگە ئەمریکییەکان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو پەلامارانەی ئەمریکا کە لە وەڵامی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز ئەنجامیداوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ئاشکرا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئێران پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ١٧ی حوزەیرانە. لەو چوارچێوەیەدا، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری توندی بە تاران دا و جەختیکردەوە کە هەر هێرشێک بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە. دۆناڵد ترمپیش هێرشەکەی ئێرانی بە "پێشێلکارییەکی گەمژانە" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی ئەمریکا سێ درۆنی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.
لە بەرامبەردا، ئێران جەختی لە مافی خۆی کردەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی کەنداو و ڕایگەیاند، ناتوانرێت هاتووچۆی ئارام لە گەرووی هورمز بەبێ بەشداریکردنی تاران مسۆگەر بکرێت. ئەم ئاڵۆزییە نوێیە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتووچۆی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لە بازاڕە جیهانییەکان دروستکردووە سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە و داهاتووی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات.
