
بەیانی ئەمڕۆ شەممە (٣-١-٢٠٢٦)، لە کاتێکدا تەنها ڕۆژێک بەسەر سەری ساڵی نوێدا تێپەڕیوە و بانگەوازەکان بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری شەڕ و گرژییەکان لە جیهاندا و بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان لە زیادبووندان؛ لە کەشێکی ئاوادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستدرێژییەکی سەربازی ئاشکرای کردە سەر کۆماری ڤەنزوێلای سەربەخۆ، کە پێشتر بە لێدوانی هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی و گەمارۆی ئابووری سەر بەندەرەکانی، زەمینەسازی بۆ کردبوو.
ئێمە لەبەردەم پەرەسەندنێکی مەترسیداری ئەمریکاداین کە ئاشتی نێودەوڵەتی تێکدەدات و شەرعییەتی هێز بەسەر یاسادا دەسەپێنێت. ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ئەنجامی دەدات لە بۆردومانی ئاسمانی و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی، هیچ نییە جگە لە چەتەیی نێودەوڵەتی کە سەروەری وڵاتان پێشێل دەکات و گەلان دەترسێنێت. ئەم لەخۆباییبوونە نوێیەی ئەمریکا لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا، هەوڵێکی توندە بۆ بێدەنگکردنی هەر دەنگێک لە هەر شوێنێک کە نەیەوێت تەسلیمی هەژموونی ستەمکارانەی ئەمریکا بێت.
ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنەی ئەم پێشێلکارییە زەقەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، داوا دەکەین دەستبەجێ دەستدرێژییەکان ڕابگیرێن و گەمارۆی سەر گەلی ڤەنزوێلا هەڵبگیرێت و سەرۆکە ڕفێنراوەکەش ئازاد بکرێت. جارێکی تر هاوپشتی خۆمان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی دوپات دەکەینەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت و فشار دروست بکات بۆ ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا.
مەکتەبی سیاسی
حیزبی شیوعی عێراق
٣-١-٢٠٢٦