
ماوەی مانگێکە شاری کۆبانێ بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپەکانی سەر بە دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کەوتووەتە ژێر گەمارۆیەکی توندی ئەمنی و سەربازییەوە، کە بەهۆیەوە دۆخێکی سەختی مرۆیی لە شارەکەدا دروست بووە.
بەپێی زانیارییەکان، لەگەڵ تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی گرژییەکاندا، قەیرانەکان لەناو شارەکەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچن. گەمارۆکە بووەتە هۆی دروستبوونی کەمیی لە پێداویستییە سەرەتاییەکان، بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستی، خۆراک و سووتەمەنیدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بە دەست نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن و هاوکات نەبوونی سووتەمەنی و کارەبا، ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی پەکخستووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای بانگەوازەکان بۆ بەهاناوەچوونی دانیشتووانی شارەکە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری دەکرێت لە گەیشتنی بەشێک لە کاروانە مرۆییەکان و هاوکارییە پێویستەکان بۆ ناو کۆبانێ، ئەمەش ترسی ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لای دانیشتووان و چاودێران دروستکردووە.