
پەیامنێری رێگای كوردستان لە كرماشان
سستی بازاڕ و داتەپینی بەهای تومەن، لەبەرامبەردا هەڵكشانی نرخەكانی خۆراك هاوڵاتیان و كاسبكارانی ئێرانی هێناوەتەسەر شەقامەكان و لە چەندین شاری ئێران ماوەی هەشت رۆژە مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوامی هەیە.
لە چەند شارێک گرژیی تێکەوت کە زیاترین گرژی و تووندوتیژی لە شاری مەلەکشای ئیلام و پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای فارس لە باشووری ئێران بووە.
بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا 19 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، بەڵام میدیای فەرمیی حکومەت باس لە کوژرانی 10 کەس دەکەن.
ئیلام و كرماشان دوو لەو شارانەن كە گرژیەكان گەیشتوەتە ئاستێك هێزەكانی رژێم و خۆپیشاندەران تێكەڵ بوون.
بەرپرسانی ئێران دان بە ناڕازیبوونی خەڵک لە بەرامبەر دۆخی ئابووری و گرانییەکان دەنێن، بەڵام دەشڵێن، کەسانێک دزەیان کردووەتە ناو خۆپیشاندەران، کە لەدەرەوە هاندەدرێن و هەوڵی بەلارێدابردنی خۆپێشاندانەکان دەدەن.