
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران "هرانا" (HRANA) لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە ژمارەی کوژراو لە خۆپیشاندانەکانی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ٣٦ کەس بەرزبووەتەوە، کە دووانیان لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها ٢٠٧٦ کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
ڕێکخراوەکە ڕوونی کردەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە لانی کەم ٢٨٥ شوێن لە ٩٢ شاری سەر بە ٢٧ پارێزگای ئێران بەڕێوەچوون. هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپێشاندانەکان لە شەقامەکان، مانگرتنی دوکانداران و ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ٢٢ زانکۆی وڵاتەکەدا پەرەی سەندووە.
ئەو شارانەی کە خۆپێشاندانی بەرفراوانیان بەخۆوە بینیوە بریتین لە: مەشهەد، قەزوین، ئاودانان، تاران، شیراز، بەندەر عەباس، زەنجان، ئیلام، مەلەکشاهی، شەهرەکورد، یەزدانشەهر، کافار، ئەسەد ئاباد، بابول، مەروودەشت، برووجەرد، و کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناڕەزایەتی بازرگانانی بازاڕ یەکێک بووە لە دیارترین ناوەندەکانی ناڕەزایەتییەکە، بە شێوەیەک کە بازاڕی گەورەی تاران لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانیدا مانگرتنی بەخۆوە بینیوە، لەوانەش بازاڕی زێڕ و دراو، بازاڕی قوماش، و بەشێک لە بەشەکانی پێڵاو و کەلوپەلی ناوماڵ، کە زۆرێک لە دوکانەکان بە تەواوی یان بەشێکیان داخران.
لە ڕووداوێکی جیاوازدا، شەوی ڕابردوو هاووڵاتیان کۆشکی کرماشانیان سووتاند و دەستیان بەسەر ژمارەیەک دامەزراوەی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێراندا گرت لەو شارەدا.
شایەنی باسە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان بە سەرکوتکردنی توند و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ وەڵامیان دایەوە. لە زۆر حاڵەتدا تا ئێستا چارەنووس و شوێنی دەستگیرکراوەکان بە نادیاری ماوەتەوە.