
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای دیموکراتی جەختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی توانای ئەتۆمی وڵاتەکەی کردەوە ، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن واشنتۆنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتی بەشداریکردنی لە مانۆڕە سەربازییەکانی گرووپی لێدانی ئاگرینی سەر بە سوپای گەلی کۆریا لە 4ی کانوونی دووەمدا هات، کە تێیدا مووشەکی بالیستی "هایپەرسۆنیک" (سەروو دەنگ) تاقی کرانەوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا (KCNA) بڵاویکردووەتەوە،کیم جۆنگ ئون جەختی کردەوە کە "قەیرانی جیۆپۆلیتیکی ئەم دواییە و پەرەسەندنە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان" وا دەخوازێت کۆریای باکوور توانای ئەتۆمی بەرپەرچدانەوەی خۆی بەهێزتر بکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم مانۆڕانە ئامانجیان هەڵسەنگاندنی ئامادەیی سیستمە مووشەکییە هایپەرسۆنیکەکان و تاقیکردنەوەی کارایی و توانای سیستمەکانی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمییە.
سەرۆکی کۆریای دیموکراتی،باشترکردنی تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە سەرەکییەکانی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی بە "ئەرکێکی ستراتیژی گرنگ" وەسف کرد. هەروەها جەختی لە گرنگی نوێکردنەوەی بەردەوامی چەکە هێرشبەرەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی خودی وڵاتەکەی پێویستە. وتیشی: "دەبێت بەردەوام بین لە پیشاندانی ئامادەیی هێزە ستراتیژییە هێرشبەرەکانمان و توانای وێرانکارییان بۆ نەیارەکانمان"، ئەمەشی وەک یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکان بۆ ڕێگریگرتن لە جەنگ دانا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، مووشەکە هایپەرسۆنیکەکان لە ناوچەی "ریۆنگبۆ" لە پیۆنگ یانگی پایتەختەوە بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات تەقێنراون و توانیویانە ئامانجە دیاریکراوەکان لە دووری 1000 کیلۆمەتر لە دەریای ژاپۆن بپێکن، کە کۆریای دیموکراتی بە "دەریای ڕۆژهەڵات" ناوی دەبات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕوو لە زیادبوونن، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا، کە پیۆنگ یانگ وەک پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی وەسفی کردووە. کۆریای دیموکراتی دوپاتی دەکاتەوە کە بەهێزکردنی توانای ئەتۆمی و مووشەکییەکەی تەنها بۆ مەبەستی بەرگری نییە، بەڵکو بۆ ناردنی پەیامێکی ڕوونە بۆ نەیارەکانی کە هەر هەوڵێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکەی، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.