
ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەرووی هورمز، کەشتییەکی بازرگانیی گواستنەوەی غاز لەڕێگەی موشەکەوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگر لەناو کەشتییەکەدا کەوتەوە.
پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکە لەلایەن بەریتانیاوە
سەنتەری ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتێکی فەرمی لەسەر ڕووداوێکی دەریایی پێگەیشتووە، کە لە دووری 8 میلی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی "لیما" لە سوڵتانییەتی عومان ڕوویداوە. سەنتەرەکە پشتڕاستی کردەوە کە کەشتییەکی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە ناوچەکەدا، لەلایەن موشەکێکەوە کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ئاگری تێبەربووە.
واشنتن: ئێران موشەکی ئاڕاستەی کەشتییەکان کردووە
لەم چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران لانیکەم دوو موشەکیان بەرەو ئەو کەشتییە بازرگانییانە تەقاندووە کە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبوون.
تاران دان بە هێرشەکەدا دەنێت
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران هێرشەکەیان پشتڕاستکردەوە و وەک "پەرچەکردارێک" وێنایان کرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانیان، کەشتییە غازهەڵگرەکە بەهۆی "پێشێلکردنی ڕێنماییەکان و پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانی هێزە دەریاییەکانی ئێران" لە گەرووی هورمز کراوەتە ئامانج.
