
ژووری هەواڵ
عێراق لەژێر هەژموونی گەندەڵییەکی سیستەماتیکدا دەناڵێنێت، کە لە باڵاترین پلەی دەسەڵاتەوە تا بچووکترین فەرمانگەکانی گرتووەتەوە.
لە پەرلەمانتار، وەزیر، بریکار، ڕاوێژکار، بڕێوبەری گشتی، بەڕێوبەری فەرمانگە و بەرپرسی بەش، فەرمانبەر و کارمەند، کارمەندی بازگەو گومرگ، پلە باڵاو پلە نزمی ئەمنی و سەربازی تا دەگاتە کارگوزار و چایچی فەرمانگەکانی دەوڵەت.
ڕزگاربوون لەم گەندەڵیە بەربڵاوە، پێویستی بە هۆشیاری جەماوەری و شۆڕشی دامەزراوەیی و سەروەریی یاسایە. چارەسەر لە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و دادگایەکی سەربەخۆدایە کە گەورە گەندەڵکاران بکاتە ئامانج، نەک تەنها پاشکۆکان.
سەبارەت بە عەلی زەیدی، وەک کارەکتەرێکی ڕاوچی لەم دەریا لێڵەدا، سەرکەوتنی بەندە بە بوێریی لە ئاشکراکردنی بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان. تۆڕەکەی تەنها کاتێک بە ماسییە ژەهراوییەکان پڕ دەبێت کە لە بری ڕاوکردنی ماسییە بچووکەکان، کار بۆ ڕاوکردنی قرشە گەورەکان بکات، کە سیستەمەکەیان شێواندووە. ڕاوچی سەرکەوتوو لەم ژینگەیەدا ئەوەیە کە نەک هەر خۆی بە پاکی بمێنێتەوە، بەڵکو بەهێزترین ڕای گشتی دروست بکات بۆ فشارخستنەسەر گەندەڵکاران.
بێگومان، ڕاوکردنی ئەم جۆرە ماسییە ژەهراوییانە مەترسیی کوشندەی هەیە، بۆیە سەرکەوتن تەنها لە ڕێگەی ستراتیژییەکی هوشیارانە و هاوپەیمانی لەگەڵ ویژدانی گشتی نیشتمانیدا بەدی دێت، نەک تەنها بە گرتنی چەند ناوێک.
