
ئەمڕۆ 68یەمین ساڵیادی شۆڕشی شکۆداری 14ی تەمموزی 1958 ی عێراقە، لەو ڕۆژەدا ڕژێمی پاشایەتی کۆتایی پێهات و کۆماری عێراق دەمەزرا.
ئەو شۆڕشەی سەرەڕای تەمەنە کورتەکەی، دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێنا، لە ڕووی نیشتمانی عێراق لە چنگی ڕەشی ئیستعمار ئازاد کرا، بۆ یەکەم جار بە رەسمی دان بە گەلی کورد نرا و لە دەستووری کۆماردا ئەوە چەسپێنرا کە عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب پێکدێت و یەکسانن لە ماف و ئەرکدا.
لە ڕووی چینایەتی دەرکردنی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 30 کۆتایی بە دەرەبەگایەتی هێنا و جووتیاران بوونە خاوەن زەوی و زاری خۆیان و لە سوخرەکێشی دەرەبەگەکان ڕزگاریان بوو، هەروەها یاسای کار بۆ کرێکاران و دەرکردنی یاسای باری کەسی ژمارە 188، لەگەڵ کۆمەڵێک یاسا و چاکسازیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تر.
شیوعییەکانی عێراق و کوردستان هێزی سەرەکی ئەم شۆڕشە بوون و لە سەرکەوتن و دەسکەوت و شانازییەکانیدا پشکی گەورەیان بەردەکەوێت.
ئەمڕۆ و دوای تێپەڕبوونی 68 ساڵ بەسەر ئەو شۆڕشە شکۆدارەدا، دەبینین حکومەتی عێراق و پێشتریش ئەنجومەنی نوێنەران کە پشووە فەرمییەکان و بۆنەکانی پەسەند کردووە، نکوڵی لەم ڕۆژە نیشتمانییە دەکەن، بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک نەکراوەتە پشووی فەرمی، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە دیاری کردووە کە ڕۆژی 14ی تەمموزی هەموو ساڵێک پشووی فەرمییە بەبۆنەی سەرکەوتنی شۆڕشەوە.
شایانی باسە، کۆمەڵێک چالاکوان، سیاسی و ئەکادیمی یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی سەرۆک کۆمار کردووە و تێیدا داوا دەکەن کە شکۆ بۆ کۆمار و شۆڕشەکە بگێڕێتەوە و ئەم ڕۆژە وەک جەژنێکی نیشتمانی و پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا بناسرێت.
