
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا كە درەنگانی شەوی رابردوو بەڕێوەچووە، رایگەیاندووە، ئەوەی روویدا لە هەڵمەتی دژی گەندەڵی قۆناغی یەكەمە، حکومەت بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی گەندەڵی و پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و هیچ نەرمییەکیش لەم بەرپرسیارێتیەدا نانوێنێت.
بەگوێرەی بەیاننامەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، زەیدی ئاماژەی بەوەكردووە، دۆخەكە بەجۆرێكە ناكرێت بێدەنگی لێبكرێت، دەزگا چاودێرییەكانیشی راسپاردووە هەر ئاماژەیەك لەسەر كاری حکومەت یان وەزارتەكان وەربگرن، بۆ ئاشكراكردنی حاڵەتەكانی گەندەڵی یان كەمتەرخەمی.
جەختیشكردووە، ئەمڕۆ رێبازی حکومەت گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی دەوڵەتی عێراق و كۆكردنەوەی چەک و رێگریکردنە لە گەندەڵكاران بەوەی بەشێك نەبن لە جەستەی دەوڵەت بە ئامانجی دزینی ماڵی گشتی.
