
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ (کەناڵی ١٤)ی ئیسرائیلی، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی وڵاتەکەی دژی ئێران، حەماس و حیزبوڵڵا خستە ڕوو و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کرد.
لە چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بڵاوکرایەوە، نەتانیاهوو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی شەڕەکە و بەدەستهێنانی سەرکەوتن ڕایگەیاند:
"سەرکەوتنی گەورەمان لەو بەرانەدا بەدەستهێناوە، بەڵام شەڕ هەرگیز کۆتایی نایەت. ئەگەر بتەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم جیهانەدا بژیت، دەبێت زۆر بەهێز بیت."
لاوازکردنی هەڕەشەکان و قۆناغی داهاتوو
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر بەهێزیی پێگەی ئێستای وڵاتەکەی کردەوە و وتی: "ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ئێمە ئەو هەڕەشانەمان لاواز کردووە، بەڵام هێشتا کارمان ماوە؛ پێویستە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەکانی تەوەرەی ئێرانی بکەین و هاوکات دەرفەتەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی بقۆزینەوە."
سەبارەت بە ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی نوێ، بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی، نەتانیاهوو ئامادە نەبوو ناوی هیچ وڵاتێک ئاشکرا بکات و ڕایگەیاند:
"ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنم، چونکە دەمەوێ ئەنجامەکەی ببینن."
"ئێستا لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ لوبنان هەیە کە کەس پێشبینی نەدەکرد."
"پەیوەندیی باشمان لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکەشدا هەیە."
