
رێگای كوردستان
ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە 11هەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خزمەتگوزاری، وزە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دران.
جەختکردنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
لە ڕێنماییەکی تونددا، عەلی زەیدی وەزیرەکانی ئاگادارکردەوە کە دەبێت ڕاستەوخۆ کار بکەن بۆ دەستنیشانکردن و دوورخستنەوەی هەر بریکارێکی وەزارەت یان بەڕێوەبەرێکی گشتی کە گومانی گەندەڵی لەسەر بێت. سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە:
"هەر بریکارێکی وەزیر یان بەڕێوەبەرێکی گشتی گومانی گەندەڵی لەسەر بێت و لەکاری نەخەن، ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی وەزیری پەیوەندیدارە."
هاوكات، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داد بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتگوزاریی فیدراڵی (راژە) و جێگرەکەی، و ڕەوانەکردنی دۆسیەی سەرپێچییەکانیان بۆ دەستەی دەستپاکی بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.
بڕیارەکان لە کەرتی خزمەتگوزاری و وزە
- زیارەتی ئەربعین: تەرخانکردنی 52.5 ملیار دینار بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و مەزارگە پیرۆزەکان، بەکرێگرتنی 2,400 پاس و ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان بۆ ئاسانکاری لە هاتوچۆی زیارەتکاران.
- کەرتی کارەبا: ڕاسپاردنی کۆمپانیای (سۆمۆ) بۆ هاوردەکردنی گازوایل بۆ وەزارەتی کارەبا.
- ڕێکخستنی مۆلیدەکان: پابەندکردنی سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان و پارێزگاکان بە تۆمارکردنی مۆلیدە ئەهلی و حکومییەکان لە (پلاتفۆرمی ناوەندی مۆلیدەکان) لەسەر پۆرتاڵی نیشتمانیی "ئۆر".
- کەرتی نیشتەجێبوون: ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی خاوەندارێتی یەکە نیشتەجێبووەکانی (کۆمەڵگەی ڕەحاب) لە بەسرە بۆ سودمەندان.
ژینگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
- ژینگە: وەزیری ژینگە ڕاسپێردرا بۆ واژۆکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە باشووری عێراق.
- پەیوەندییە ئابوورییەکان: دەسەڵات درا بە وەزیری بازرگانی بۆ واژۆکردنی سێ ڕێککەوتنی ئابووری و زانستی لەگەڵ وڵاتانی تورکمانستان، سلۆڤینیا و ڕۆمانیا.
پشتگیریی چوارچێوەی هەماهەنگی
ئەم بڕیارانەی حکومەت لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا دەربڕی. سەبارەت بە گەندەڵیش ڕایانگەیاند: "ئێمە بەرگێکی سیاسی بۆ هەرکەسێک دابین ناکەین کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە سەلمێندرابێت کە تێوەگلاوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی."
