
ڕەشید غەویلب
وەرگێڕانی: ڕێگای کوردستان
بەگشتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتیی جیهانی سەرنجی تەواو دەخەنە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە کاتێکدا گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس ــ کە ئەوانیش بایەخێکی زۆریان هەیە ــ وەک حاڵەتێکی نائاسایی دەمێنێتەوە. ئەم سەرنج نەدانەش لە کاتی هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا (ناوەخۆییەکاندا) زیاتر و بەرچاوتر دەبێت.
لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، زەهران مەمدانی (تەمەن ٣٤ ساڵ) کە ئەندامی ڕێکخراوی "سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا"یە ، سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوی بەدەستهێنا. ئەم سەرکەوتنە کتوپڕە بووە مایەی بەهێزکردنی پێگەی سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە پێشکەوتنخوازەکانیان لە کۆنگرێسدا لە چوارچێوەی "کوتلەی پێشکەوتنخواز"دا. زۆرێک لە چاودێران ئەم گۆڕانکارییەیان وەک ئاماژەیەک بۆ دەرکەوتنی شەپۆلێکی چەپی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکادا لەقەڵەمدا. هاوکات، دەنگوباسی هەڵبژاردنە بەراییەکانی ناو پارتی دیموکرات بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرانی هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی داهاتوو، ڕاستیی ئەم هەڵسەنگاندنە پشتڕاست دەکەنەوە.
هەڵسەنگاندنە فیکری و سیاسییەکان سەبارەت بە ڕێکخراوی سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا جیاوازن، چونکە ئەم ڕێکخراوە خاوەن تایبەتمەندییەکی فکری و سیاسیی چەپگەرایە لە چوارچێوەی پارتی دیموکراتی ئەمریکادا؛ چەپە ڕادیکاڵەکان (توندڕەوەکان) ڕەتیدەکەنەوە کە ناسنامەی چەپی پێببەخشن و تەنها وەک ڕێکخراوێکی سۆسیال-دیموکرات پێناسەی دەکەن، لە کاتێکدا هەندێک لایەنی چەپی جیهانی بە پێشکەوتنخواز وەسفی دەکەن. هاوکات، پۆلێنێکی تر لەناو خودی ڕێکخراوەکەدا خۆیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە چەپی ئەمریکی دەزانن؛ ئەو چەپەی توانیویەتی قۆرخکاریی کارکردن لەژێر سایەی کۆنگرێسی ئەمریکادا لەلایەن هەردوو پارتی باڵادەست (کۆماری و دیموکرات) بشکێنێت. ڕای کۆتایی لە هەمووان زیاتر لە بابەتیبوونەوە نزیکە، ئەمەش بەهۆی ڕێژەییبوونی چەمکی چەپ و بەستنەوەی بە شیکردنەوەی بارودۆخی کۆنکرێتیی هەنووکەیی لە سیاسەتی ئەمریکا و ئەو دەرفەتانەی کە بۆ چەپ لەم ژینگەیەدا ڕەخساون.
شەپۆلێکی چەپخواز
لەم هەفتەیەی ڕابردوودا، پارێزەر میلات کیرۆس (تەمەن ٢٩ ساڵ) کە بەبنەمایەک حەبەشییە (ئەتیوبییە)، لە شاری دێنڤەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتی دیموکرات بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کیرۆس کێبڕکێی لەگەڵ دیانا دیجێت کرد کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە وەک نوێنەری بازنەی یەکەمی کۆلۆرادۆ کاردەکات. دیجێت (تەمەن ٦٨ ساڵ) بەشێک بوو لە باڵی پێشکەوتنخوازی پارتی دیموکرات، بەدەر لە هەندێک هەڵوێستی تایبەت بە پرسی فەلەستین و قبووڵکردنی بەخشین لە لایەن گروپە گەورەکانی لۆبییەوە.
لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، نیویۆرکیش شاهیدی دۆخێکی هاوشێوە بوو؛ سێ بەربژێری پاڵپشتیکراو لەلایەن مەمدانییەوە (براد لاندەر، داریالیزا ئاڤیلا شوڤالیێ، و کلێر ڤاڵدێز) توانییان سەرکەوتن بەسەر ئەندامانی ئێستای پەرلەمان و ئەو بەربژێرەدا بهێنن کە بڕیاربوو شوێنی ئەندامێکی خانەنشینکراو بگرێتەوە. لەم دۆخەشدا، ئەو بەربژێرانەی کە لەلایەن دامەزراوە باڵاکانی پارتی دیموکرات و لۆبیی سۆسیۆنیستییەوە پاڵپشتی دەکران، لە بەرامبەر بەربژێرە خاوەن دیدگا چینایەتییەکان و لایەنگرانی فەلەستیندا تووشی شکست بوون.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی سۆسیالیستە دیموکراتەکان، ئەم سەرکەوتنە گرنگ و چاوەڕواننەکراوانە دوای هەڵبژاردنە بەراییە سەرکەوتووەکان دێن کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە ٣٨ بازنەی خۆجێیی، هەرێمی و شارەوانییەکاندا ئەنجامدران، و پێشبینی سەرکەوتنی زیاتریش لە ٧٤ بازنەکەی تریشدا دەکرێت.
گەنجانی خاوەن دیدگای چینایەتی
لە ویلایەتی میشیگان دوو ئەستێرەی گەشاوە دەردەکەون کە بریتین لە "ئەبو سەید" (٤١ ساڵ) و فرانسیسکا هۆنگ (٣٧ ساڵ) لە ویلایەتی ویسکۆنسێن. هەردوکیان لە مانگی ئابی داهاتوودا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن: "ئەبو سەید" لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەنجومەنی پیران و هۆنگ بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکە. هۆنگ تەنها کەسە کە سەر بە ڕێکخراوەکەیە، لە کاتێکدا دووەمیان وەک دۆستێکی ڕێکخراوەکە دادەنرێت و لەلایەن ئەلێکساندریا ئۆکاسیۆ-کۆرتێز، یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕێکخراوەکە، پاڵپشتی دەکرێت.
زۆربەی بەربژێرانی ڕێکخراوەکە لە تەمەنێکی گەنجیدان، لە بنەچەدا کۆچبەرن و لەلایەن بزووتنەوە جەماوەرییە خۆجێییەکانەوە پشتگیری دەکرێن. ئەوان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە ڕوونی پێشکەوتنخوازن، بەڵام پەندیان لە ئەزموونەکانی دەیەی ڕابردوو وەرگرتووە و خۆیان لە ململانێ کولتوورییە توندەکان بەدوور گرتووە. کەمپینە هەڵبژاردنەکانیان تیشک دەخاتە سەر ئەو گرفتە ئابوورییانەی کە خەڵکی ئاسایی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، و لە سەرووی کارەکانیانەوە: دابینکردنی خانووبەرە بە نرخێکی گونجاو و دڵنیایی تەندروستی بۆ هەمووانە. ئەوان بەم هەنگاوە، پەیڕەوی لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی چەپی ئەوروپی لە نەمسا، بەلجیکا و ئەڵمانیا دەکەن.
هاوسۆزی لەگەڵ گەلی فەلەستین
بەربژێرانی ڕێکخراوی سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا لەجیاتی بەخشینی کۆمپانیا گەورەکان، پشت بە بەخشینی کەسی و کاری خۆبەخشانە دەبەستن. مەمدانی دوای سەرکەوتنە کتوپڕەکەی، ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی بەربژێرەکاندا، سەرەڕای سنوورداریی ڕۆڵی سیاسیی سەرۆکی شارەوانییەک. ئەمەش وەک کارێکی زێدەی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ ئەو ڕۆڵەی کە سیاسییە کاریگەرەکانی ڕێکخراوەکە وەک ئۆکاسیۆ-کۆرتێز و بەربژێری پێشووی سەرۆکایەتی بێرنی ساندرز دەیگێڕن.
زۆربەی بەربژێرەکان، بەتایبەت گەنجەکانیان، پشتگیری لە پرسی فەلەستین دەکەن؛ ئەوان بە ئاشکرا باس لە جینۆساید لە غەزە دەکەن و ڕەخنە لە پاڵپشتی بێمەرجی حکومەتی ئەمریکا بۆ دەوڵەتی داگیرکەر دەگرن و چالاکییەکانی لۆبیی زایونیزم شەرمەزار دەکەن، بەم هۆیەشەوە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن دەبنەوە لەبەر ڕەتکردنەوەی ئەو ڕێکارانەی دژ بە خوێندکارە ناڕازییەکان دەگیرێنە بەر. ئاڤیلا شوڤالیێ، هاوشێوەی مەمدانی، لە سەردەمی خوێندنی زانکۆیەوە چالاکوان بووە لە بزووتنەوەی لایەنگری پرسی فەلەستیندا و بەشداری لە مانگرتنی ناڕەزایەتیی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا کردووە، کە بەهێز بڵاوەی پێکرا.
"سۆسیالیستە دیموکراتەکان" فێربوون نەک تەنها ڕووبەڕووی ترامپ و پارتی کۆماری ببنەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی باڵی ڕاستڕەوی باڵادەستی ناو پارتی دیموکراتیش ببنەوە، کە ڕەخنە لە خەمساردییان دەگرن لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی کۆمارییەکاندا. ستراتیژی ئەوان بریتییە لە پاڵنانی پارتی دیموکرات بەرەو چەپ لە ناوەوە، لەژێر دروشمی "گێڕانەوەی پارتی دیموکرات" بۆ دەستی چینی کرێکار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. لە ئێستادا، دیباتێکی توند لە ناو چەپی ئەمریکیدا هەیە سەبارەت بەوەی ئایا ئەم ڕێبازە ریفۆرمخوازییە دەتوانێت پێشکەوتنی درێژخایەن بەدەستبهێنێت یان نا.
