
نیوز ڕووم
سەردانی (تۆم باراک)،بۆ هەرێمی کوردستان، کە وەک هەلێک بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و فشار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەبینرا، پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان دەرچوو.
هێشتا هەفتەیەک بەسەر سەردانەکەدا تێنەپەڕیوە، کەچی نەک هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەری قەیرانی حکومڕانی نەنراوە، بەڵکو متمانەی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر لە هەر کاتێک لاوازتر بووە.
لەبری دەستپێکردنی گفتوگۆی نیشتمانی، هەردوو حزب شەڕێکی میدیایی توندیان ڕاگەیاندووە. دۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی مەترسیداردا دەڕوات، بە جۆرێک وەڵامدانەوەی توند و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ میدیاکارانی یەکتری، بووەتە بەشێک لە ململانێکان. ئەم دۆخە نیشانەی ئەوەیە نە نێردراوەکەی ترەمپ توانیویەتی فشارێکی کاریگەر دروست بکات، نە هێزە دەسەڵاتدارەکان هیچ ترسێکیان لە ئەنجامە سیاسییەکانی ئەم ناکۆکییانە ماوە. پەرلەمان پەکخراوە و حکومەت لە گێژاوی چەقبەستووییدا دەمێنێتەوە، ئەمەش مەترسییەکانی سەر ئایندەی قەوارەی هەرێم و ئاسایشی نیشتمانی قوڵتر کردووەتەوە.
