
ململانێی زارەکی و لێدوانە دژبەیەکەکانی نێوان تاران و واشنتن قۆناغێکی نوێ بەخۆوە دەبینێت. لە نوێترین پەرەسەندندا، محەمەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، وەڵامێکی توندی لێدوان و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە پرسی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
"ئەمریکا مێژوویەکی بێ ڕەگ و ڕیشەی هەیە"
زولقەدر لە پەیامێکی تونددا کە ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکای کردووە، ڕابردووی هەردوو وڵاتی بەراورد کردووە و ڕایگەیاندووە: "پێشتر تۆ وەک سەرۆکی وڵاتێکی بێ ڕەگ و ڕیشە، کە مێژووەکەی تەنیا بۆ ٢٥٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، بە زمانێکی هاوشێوە باست لە سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران دەکرد کە خاوەنی چەند هەزار ساڵ مێژووە؛ بەڵام دەرەنجامەکەی بۆ تۆ جگە لە شکست، بێدەسەڵاتی و داواکردنی دانوستان و ئاگربرەست، هیچی تری لێ نەکەوتەوە."
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە گەلی ئێران زمانی هەڕەشە قبوڵ ناکات و دەڵێت: "ئێرانییەکان نامۆن بە زمانی هەڕەشە، بۆیە پێویستە بە ڕێزەوە لەگەڵ گەلی ئێران بدوێیت، ئەگینا بە زمانێکی دیکە وەڵامتان دەدەینەوە."
ترەمپ: هێزە سەربازییەکانی ئێران تێکشکاون
ئەم پەرچەکردارە توندەی تاران دوای ئەوە دێت کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لە پێگەیەکی بەهێزدایە و ئێرانیش دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو:
- ئەمریکا بە ڕێگای خۆش بێت یان ناخۆش، لە بەرامبەر ئێراندا سەر دەکەوێت.
- هێزی دەریایی، ئاسمانی و سەرکردەکانی ئێران لەناوچوون و لە دۆخێکی خراپدان.
- ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەبێت مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەمریکادا بکات.
