
رێگای كوردستان
لەگەڵ چڕبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران، بەرگریی ئاسمانیی ئوردن ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە ڕووبەڕووی چوار مووشەکی بالیستی بووەتەوە و لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێکی شکاندوون، کە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون.
سوپای ئوردن: پێشێلکارییەکان بە توندی وەڵام دەدرێنەوە
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی بەرپرسی سەربازییەوە ڕایگەیاند:
"سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی چوار مووشەکیان تێکشکاندووە کە دەستدرێژییان کردبووە سەر کایەی ئاسمانیی ئوردن. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە."
سەرچاوەکە جەختیشی کردەوە کە هێزەکانیان دەستبەرداری بەرگری لە سەروەریی شانشینەکە نابن و ڕایگەیاند، "هەر هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی ئوردن، لە چوارچێوەی بنەماکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەسەندکراودا وەڵامێکی توندی دەدرێتەوە."
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممەش چوار مووشەکی دیکەی ئێرانی لە ناو خاکی ئوردندا کەوتبوونە خوارەوە. لە بەرامبەردا، تاران لە ڕێگەی ئاژانسی "فارس" و لە زاری سوپای پاسدارانەوە پشتڕاستی کردەوە کە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکییان لە خاکی ئوردندا بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
بۆردومانکردنی بەحرەین و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی
هاوکات لەگەڵ ئوردن، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە؛ لە بەحرەین بەهۆی مەترسیی هێرشە مووشەکییەکانەوە بۆ جاری سێیەم لە یەک ڕۆژدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین — کە وڵاتەکەی بارەگای فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکای لێیە — داوای لە هاووڵاتیان کردووە بەرەو شوێنە ئارامەکان بچن. تا ئێستا زانیاریی ورد لەسەر زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاونەکراوەتەوە.
واشنتن: ڕێڕەوی هورمز لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندا نییە
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم، لەو هێرشانەدا دەیان ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە:
- سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ڕاداری کەنار دەریایی.
- شوێنی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
- بەلەمی سەربازی.
لە کۆتاییدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ بازرگانیی جیهانی و ئێران کۆنتڕۆڵی ناکات، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
