
ڕۆژنامەی تێلەگرافی بەریتانی ئاشکرای کرد، هەواڵگری ئەمریکا هۆشداری داوەتە حکومەتی پۆڵەندا سەبارەت بە بوونی پلانی ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ڕاستەوخۆ و پەلاماری زەمینی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەکان، مۆسکۆ بە هاوکاریی بیلاڕووسیا پلانی هەیە لە ڕێگەی هەرێمی کالینینگراد یان بیلاڕووسیاوە هێرش بکاتە سەر سنوورەکانی پۆڵەندا.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە نەک داگیرکارییەکی گشتگیر، بەڵکو تاقیکردنەوەی بەرگری و وەڵامدانەوەی ناتۆیە.
مۆسکۆ دەیەوێت بەم هەنگاوە ناتۆ ناچار بە دانوستان بکات و پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکرانیا کەم بکاتەوە.
دبلۆماتکاران هۆشداری دەدەن ئەگەر پۆڵەندا وەڵامی سەربازیی ئەم هێرشە بداتەوە، ئەگەری زۆرە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم هەنگاو بنێت. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لە لاتڤیا، پەیامێکی ئاراستەی مۆسکۆ کردووە کە هەر هێرشێک بۆ سەر پۆڵەندا، وەک هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت.
