
گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی وەڵامێکی "توند"ی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی پاکستان بۆ سەر پارێزگا سنوورییەکانی ئەفغانستان دەداتەوە، و یەکێک لە بژاردە بەردەمەکانیانیش داخستنی باڵیۆزخانەی پاکستانە لە کابول.
زەبیحوڵا موجاهید لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "تۆلۆنیوز"ی ئەفغانی ڕایگەیاند: "ئەفغانستان لە کاتی گونجاودا وەڵامی هێرشەکەی ڕژێمی سەربازی پاکستان دەداتەوە و وەڵامەکەش توند دەبێت."
سەبارەت بە ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابول، موجاهید ڕوونکردنەوەی دا کە ئەگەر هێرشەکانی پاکستان بەردەوام بن، ئەمە دەبێتە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان دان بەخۆیدا دەگرێت، چونکە لەپێشینە بە گفتوگۆ دەدەن و نایانەوێت گرژییەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن.
قوربانیانی مەدەنی لە ئەفغانستان
لەلایەکی دیکەوە، حەمدوڵا فیترات، جێگری وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی پاکستان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووری ئەفغانستان، ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە 36 کەسی مەدەنی کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
گێڕانەوەی لایەنی پاکستان و هۆکاری هێرشەکان
ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاکستان ڕایگەیاندبوو هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی و ئاسمانی وردیان لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری لەسەر سنووری هەردوو وڵات ئەنجامداوە. پاکستان ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە حەشارگەکانی گرووپی "جەماعەتی ئەحرار" و "فیتنەتولخەواریج" (تاڵیبانی پاکستان)ی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژرانی 29 چەکدار.
ئەم هێرشە تۆڵەسەندنەوەیەی پاکستان دوای ئەوە هات کە ڕۆژنامەی "جیۆ نیوز"ی پاکستانی بڵاویکردەوە، چەکدارانی "جەماعەتولئەحرار" هێرشیان کردووەتە سەر کەمپێکی پاسەوانی سنووری پاکستان لە شاری کەراچی (سەر بە پارێزگای سند)، کە بەهۆیەوە 3 پاسەوان کوژران و 4ی دیکەش بریندار بوون.
