
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان، هێرش دەکەینە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی پێنجشەممە 2/26/ 2026 ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیایەکی هیندستانیدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەگەر، ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاربدات هێرشمان بکاتە سەر، ئەوا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی رەوامان."
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: "ئێمە وەک بنکەی ئەمریکی سەیری ئەو شوێنانە دەکەین، نەک وەک خاکی دراوسێکانمان یان ئەو وڵاتانەی بنکەکانیان تێدا جێگیر کراوە."
عێراقچی ئاماژەی بە رووداوەکانی حوزەیرانی رابردوو کرد و وتی: "جاری پێشوو، کاتێک هیچ چارەیەکمان نەمابوو جگە لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکە لە قەتەر، دەستبەجێ پەیوەندیم بە برا ئازیزەکەم، وەزیری دەرەوەی قەتەرەوە کرد، تەنانەت پێش هێرشەکە پێشوەختە ئاگادارم کردەوە و بە روونی پێمگوت ئەمە هێرش نییە بۆ سەر قەتەر، بەڵکو هێرشە بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە؛ ویستمان لەو جیاکارییە تێبگەن."