
سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سێ پەیامی گرنگ و هۆشدارییەکی توندی بە نوری مالیکی گەیاندووە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و وەرگرتنی پۆستەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی تۆم باراک پەیوەست بووە بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە. لەم بارەیەوە باراک بەڕوونی بە مالیکی ڕاگەیاندووە کە واشنتۆن بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نییە ناوبراو پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، بەڵام لەبەرامبەردا ئەمریکا هیچ لارییەکی نابێت ئەگەر مالیکی هەر پۆستێکی دیکەی سیاسی یان حکومی وەربگرێت.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی داوەتە سەرکردەکانی شیعە و بەتایبەت خودی نوری مالیکی و پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر حکومەتێکی نوێ دوور لە هەژموون و دەستوەردانی ئێران پێک نەهێندرێت، ئەوا ئەمریکا سزای 12 سەرکردەی سیاسیی عێراقی دەدات، کە یەکێک لەو کەسانەی دەکەوێتە لیستی سزاکانەوە، خودی مالیکی دەبێت."
ئەم پەیامانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسیی داهاتووی عێراق لە ناو لایەنەکاندا بەردەوامە و واشنتۆن دەیەوێت ڕۆڵی تاران لە بڕیاری سیاسیی بەغدادا کەم بکاتەوە.