
رێگای كوردستان
پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی کە لە پەراوێزی دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆزێف عەونی هاوتا لوبنانییەکەی بەڕێوەچوو هەڕەشەیەکی توندی ئاڕاستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر تاران لە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی وەڵامێکی سەربازیی دەبێتەوە کە "۱۰ هێندە توندتر" دەبێت، "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و شەو لە دوای شەو".
نەبوونی دەرفەت بۆ دیالۆگ
وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەموو دەرفەتەکانی بۆ پەیوەندی و دیالۆگ بەفیڕۆ داوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی جۆراوجۆری لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەرەسەنانەدا. هیگسێت وتی:
"ئەگەر بیانەوێت قسە بکەن دەتوانن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەبنەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئێران "بڕێکی زۆر چەک"ی هەیە و ئەوەش وەک هەڕەشەیەک دەبینرێت کە پێویستی بە هەڵوێستێکی توند و یەکلاکەرەوە هەیە.
سێنتکۆم: بەردەوامیی هێرشەکان بۆ دەیەم شەوی لەسەریەک
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان بۆ دەیەم شەوی لەسەریەک ڕاگەیاند. بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، هێرشەکان ئەم شوێنانەیان کردووەتە ئامانج:
- ناوەندەکانی فەرماندەیی.
- تواناکانی هێزی دەریایی.
- سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان درۆن
- سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی.
تێکچوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان
لە بەرامبەردا، ئێران ئەنجامدانی هێرشی نوێی بۆ سەر کوێت، بەحرەین و ئوردن ڕاگەیاند؛ ئەم پەرەسەندنە سەربازییانەش بەکردەیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ۱۷ی حوزەیرانی لەناوبرد، کە بڕیاربوو ببێتە بنەمایەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و پرسەکانی تر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
