
🔻سزای سەر نەوتی ئێران هەڵدەگیرێت
🔻بڕیاری راگرتنی شەڕی لوبنان دەدرێت
ئەمڕۆ دوو شەممە، قەتەر و پاکستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنـەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگایەک رێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت.
گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە:
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1: لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنـەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
2: نەخشەڕێگایەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
3: هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
4: بە بەشداریی حکومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، شانەیەکی هێورکردنەوە. دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5: بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنـە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.
پەیوەست بە ڕێکەوتنەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سویسرایە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، هەوڵە بێوچانەکانی پاکستان و قەتەر، پێشکەوتنێکی گەورەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان بەدەستهێناوە.
عێراقچی دەستکەوتەکانی ئێرانی لە رێککەوتنەکەدا بەمشێوەیە ئاشکرا کرد: لێخۆشبوون بۆ هەناردەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکان دەرکرا، گەمارۆی دەریایی هەڵگیرا، بەشێک لە سامانە سڕکراوەکانمان ئازاد دەکرێن و پلانی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران دەستپێدەکات.
