
هێرشەکانی ئێران و کاردانەوەی وڵاتانی کەنداو
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، ئێران لە دوایین پەرەسەندنی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەندین موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو بەحرەین و کوەیت هەڵداوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا دۆخەکە ناڕوونە، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی زیانی گیانی لە ڕیزی سەربازانی ئەمریکی یان زیانی گەورە بە دامەزراوەکانیان لە ناوچەکەدا نەدراوە.
کوەیت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی ڕێگری لە هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوژمنکارییەکان بکات.
بەحرەین: ڕایگەیاند کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکەیاندا لێدراوە.
لە ناوخۆی ئێران: بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەزگای فەرمی پەخشی ئێران ڕایگەیاند کە دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری "سیریک"ی باشووری وڵاتەکە بیستراوە.
هێرشی پێچەوانەی ئەمریکا و پەیامە توندەکەی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا شوێنەکانی هەڵگرتنی موشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادارەکانی کەنار دەریاکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن تارانەوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا نووسیویەتی:
"فڕۆکە ئەمریکییەکان هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، دیسانەوە! بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەوان هەرگیز فێر نابن."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی بێپێشینەی دایە تاران و ڕایگەیاند: "ڕەنگە سەردەمێک بێت کە ئێمە نەتوانین عەقڵانی بین و ناچاربین ئەو ئەرکە تەواو بکەین کە لەڕووی سەربازییەوە بە سەرکەوتوویی دەستمان پێکرد، ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئێران بوونی نامێنێت."
هۆکاری سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان چی بوو؟
پێش لێدوانەکەی ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان دوای ئەوە هێرشی نوێیان دەستپێکردووە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ئاڵای پەنەماوە لە گەرووی هورمز.
ئەم ڕووداوە بە خراپترین پەرەسەندنی سەربازی دادەنرێت لەو کاتەوەی کە هەردوولا نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر ڕێککەوتنێکی کاتیی ئاشتییان واژۆکردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی چوار مانگەی بەردەوام، کە ئێستا هەردوولا تۆمەتی پێشێلکردنی دەخەنە پاڵ یەکتر.
کۆتاییهاتنی هێرشەکان
هاوکات، کەناڵی "فۆکس نیوز" لە زاری بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان بۆ ئێستا کۆتاییان هاتووە و تەواو بوون.
