
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە ٧٧ دەنگی بەڵێ دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دا و یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ وەزارەتی بەرگری بۆ سەرۆکی ئەمریکا نارد.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، چوار شەممە، ١٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە ٧٧ دەنگی بەڵێ بەرامبەر ٢٠ دەنگی نەخێر، یاسایی ساڵانەی ڕێگاپێدانی بەرگری نیشتمانی پەسەندکرد، لەو یاسایەدا بڕگەیەکی تێدایە کە یاسای قەیسەر هەڵدەوەشێنێتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ واژۆ لەسەر بڕیارەکە دەکات، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکێک لەو بڕگانەی لە ناو پڕۆژە یاساکەدایە و پەیوەستە بە عێراقەوە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمی ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازیە، کە لە ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٢ بۆ جەنگی کەنداو و جەنگی عێراق بە حکومەتی ئەمریکا درابوو.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند "پێشوازی لە دەنگدانە مێژووییەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق، ئەو بڕیارە ئاماژەیە بۆ گۆڕانی بۆچوونی یاسادانەرانی ئەمریکا."
یاسای قەیسەر کە ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی ٢٠١٩ واژۆی کردووە، بۆ سزادانی هەر لایەنێک دەرچووە کە پەیوەندی بە ڕژێمی پێشووی سوریاوە هەبێت یان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی بەعسی سووریا بکات، بەتایبەتی لە کەرتەکانی بیناسازی، ئەندازیاری، وزە و فڕۆکەوانیدا. ئەم یاسایە تەنانەت دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سووریا هەڵهات، هەر کاری پێکر و هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاشدا هەڵوەشاندنەوەی پەسەندکرا.