
سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی غازی ئێرانیان بۆ عێراق ئاشکرا کرد.
بەپێی پلاتفۆرمی (وزە)، سەرچاوەکان جەختیان کردەوە کە "پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا ناردنی غاز بۆ عێراق بە شێوەیەکی پلەبەندی دەست پێ بکاتەوە."
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "دەستپێکردنەوەی ناردنی غازی ئێران بە ٥ ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا دەست پێ دەکات و بۆ ١٥ ملیۆن بەرز دەبێتەوە، پاشان لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ڕەنگە بڕی هەناردەکراو بگاتە ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا."
ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران دەقەکەی دەڵێت کە تێکڕای هەناردەکردن لە وەرزی زستاندا لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدایە، لە کاتێکدا لە وەرزی هاویندا دەگاتە ٥٥ ملیۆن مەتر سێجا.
لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق بەهۆی بارودۆخێکی لەناکاوەوە بە تەواوی وەستا، بەبێ دیاریکردنی کاتێکی ئاشکرا بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی غازەکە، بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە ئەو کات وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاوی کردەوە.
بڕینی غازەکە بووە هۆی ئەوەی کەرتی کارەبای عێراق بڕی ٤ هەزار بۆ ٤ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبای بەرهەمهێنراو لەدەست بدات، ئەوەش بەهۆی وەستانی هەندێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنان و دیاریکردنی توانای کارکردنی هەندێک یەکەی تر لە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێناندا.