
ڕێگای كوردستان
سەرۆکی ئەركانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن و تەلئەبیب کرد و ڕایگەیاند، هەر هەڵەیەکی نوێ لە هەڵسەنگاندندا ڕووبەڕووی وەڵامێکی زۆر وێرانکەرتر دەبێتەوە. هاوکات جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی چاوەڕێی بڕیارە نەشیاوەکانی سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلە.
لە لێدوانێکدا، لیوا عەلی عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەڕکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند، تاران بە وردی چاودێریی هەنگاوە سەربازییەکان دەکات و خولەک بە خولەک چاوەڕێی دەرکردنی بڕیارە هەڵەکانی لایەنی بەرانبەر دەکات لە ناوچەکەدا.
بەڕێوەبەری سەربازی ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەڕەکانی ڕابردوودا ئەمەریکا و ئیسرائیل دروشمی ڕووخاندنی دەسەڵات و دابەشکردنی خاکی ئێرانیان بەرزکردبووەوە، بەڵام وڵاتەکەی بە بەهێزی مایەوە و نیشانیدا کە واشنتن لە ناوچەکەدا خاوەنی چەندین خاڵی لاوازی قووڵ و مەترسیدارە.
هۆشداری لە بێبایهخ سهیركردنی توانا سەربازییەکان لیوا عەلی عەبدوڵڵا دوپاتیکردەوە کە سەرکردایەتی و سوپای ئێران لە چەندین قۆناغی جیاوازدا ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دوژمنەکانیان ئەزموون کردووە، هۆشداریشیدا لەوەی کە کەمکردنەوە و بێبایەخ سەیرکردنی ئیرادە و توانای سەربازیی تاران، هەڵەیەکی زۆر گەورە و بەتەواوی کوشندەیە. هەروەها جەختیکردەوە کە وەڵامی داهاتووی ئێران زۆر لە جاران نزیکتر و تەواو وێرانکەرتر دەبێت.
پێشینەی ئاڵۆزییەکان ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێن کە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی مەترسیدار، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی بەهێزی کرد و دەوڵەتی ئیسرائیلیش ئامادەکاریی تەواوی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ ڕاگەیاندبوو.
