
ڕێگای کوردستان
لە لێدوانێکدا کە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران ، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و توندوتیژی دەکات، بۆ سەرکوتکردنی داواکارییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
ئەم لێدوان و هەڕەشانەی پەهلەوی شەپۆلێک لە نیگەرانی و تووڕەیی لە ناوەندە سیاسییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانەدا، سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی وەڵامیان داوەتەوە. ئەوان پێیان وایە کە ئەم جۆرە هەڕەشانە، هەڕەشەی ڕوونی سەربازی و سەرکوتکەرانەن و دەریدەخەن کە عەقڵیەتی پاشایەتی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بیرکردنەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێستادا نییە، بەتایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد و مافە نەتەوەییەکاندا.
ئەم لێدوان و هەڕەشانەی ڕەزا پەهلەوی لە کاتێکدان ، کە نزیکەی 47 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆری و سەرکوتکارەکەی باوکیدا تێدەپەڕێت، لەو کاتەوەی گەلانی ئێران ئەو ڕژێمەیان وەدەرنا و پەهلەوی هەڵات و تا ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن جێگەی سەرسوڕمانە دوای نزیکەی نیو سەدە لە دوورخستنەوە، ناوبراو هێشتا بە عەقڵیەتی سڕینەوە و لەناوبردنی نەتەوەکانی تر بیر دەکاتەوەو خەڵکی ئێرانیش ئەم جۆرە عەقڵ و بیرکردنەوەیەیان پێ قبوڵ نییە.
لە لایەکی دیکەوە، شەقامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی زۆر جیاواز دەدەن ، گەلانی ئێران بە ڕوونی نیشانیان داوە کە بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریەتی پاشایەتی. ناڕەزایەتییەکان و قوربانیدانی خەڵک بۆ ئەوە نییە ڕژێمێکی مەلایی سەرکوتکار بڕووخێنن و لە جێگەیدا ڕژێمێکی پاشایەتی دڕندەتر و مەرکەزیتر دابمەزرێنن.
شیکەرەوان کۆکن لەسەر ئەوەی کە خەباتی گەلانی ئێران لەپێناو ڕزگاربوونە لە هەر ڕژێمێکی کۆنەپەرست، جا ئاینی بێت یان پاشایەتی، خەڵک تینووی ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری و عەدالەتی کۆمەڵایەتین، نەک گۆڕینەوەی دەسەڵاتدارێکی ستەمکار بە ستەمکارێکی دیکە لەژێر ناوێکی نوێدا.