
ڕۆژانی ٥، ٦ و ٧ی تشرینی یەکەم، ساڵیادی داستانی پڕلە سەروەریی کفری و سەرقەڵایە؛ ئەو داستانە قارەمانانەیەی بووە وەرچەرخانێکی گەورەی سیاسی، سەربازی و ئیداری لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١.
لە کۆتایی ئەیلوولی ١٩٩١، هێزەکانی ڕژێمی بەعس لە هەوڵێکی شکستهێناودا ویستیان دووبارە ناوچەی گەرمیان داگیربکەنەوە، بەڵام لە ٥ی تشرینی یەکەمدا ڕووبەڕووی وەڵامێکی کەمەرشکێن بوونەوە. پێشمەرگە قارەمانەکانی بەتالیۆنەکانی حیزبی شیوعیی شانبەشانی پێشمەرگەی (یەکێتی، سۆسیالیست، پارتی گەل و پاسۆک) وانەیەک لە یەکڕیزیی گەل و خۆڕاگرییان تۆمارکرد.
ئەنجامی ئەم شەڕە قارەمانانەیە شکستی ڕژێمی لێکەوتەوە؛ ٣٧ تانک و زریپۆشی تێکشکێندران و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێل کەوتنە دەست پێشمەرگە.
دەیان سەربازی پەلامەردەر کوژران و سەدانی دیکەیش برینداربوون.
داستانی کفری-سەرقەڵا بە خوێنی ١٣ شەهیدی نەمر تۆمارکرا (یەکێتی: حوسێن محەمەد، زۆراب ئۆمەربلی، دکتۆر ئاتیلا، سەردار حەمەغەریب، کاوە سمین، ئیبراهیم عباس، عەدنان جمعە، ئاسۆ. شیوعی: فەتاح مەجید، دلێر وەلی، بورهان محمد، ناسح محەمەد. سۆسیالیست: شوکر نەجم).
