چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەلێنكا زوپانچیچ دەربارەی چەمكی "نكۆڵی"

 

و.ڕوشدی جەعفەر

كاتێك ناوی فرۆید دەبیستین، كۆمەڵێك چەمكی وەك نەست، چەپاندن و پاڵنەری مەرگ دێتەوە بیرمان، بەڵام بە بۆچوونی ئەلێنكا زوپانچیچ، چەمكی "نكۆڵی"ـی فرۆیدی، كە كەمتر باس دەكرێت، كلیلی تێگەیشتنە لە بنبەست و ئاستەنگە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ژینگەییەكانی ئێستا. هەڵبەت ئەم چەمكانە پێكەوە سیستەمە تیۆرییەكەی فرۆید پێكدێنن. فرۆید بیریارێكی سیستەماتیكە، هەم لە ستایلی نووسین و هەم لە كۆی پڕۆژە تیۆری-پراكتیكییەكەشی.

زوپانچیچ، كە دەروونشیكارێكی سلۆڤینییە و كتێبێكیشی بە ناونیشانی "نكۆڵی" پارساڵ بڵاوكردووەتەوە، لەم چاوپێكەوتنەدا سەرنج دەخاتە سەر جیاوازیی نێوان نكۆڵی (disavowal) و ڕەتكردنەوە (denial). لە حاڵەتی ڕەتكردنەوەدا، كەسەكە ڕاستەوخۆ دیاردەیەك بەدرۆدەخاتەوە، گەرچی بەڵگەی زۆریش هەبێت كە وایە. بەڵام لە حاڵەتی نكۆڵیدا، دان بە ڕاستییەكەدا دەنرێت بەبێ ئەوەی هیچ شتێكی ئەوتۆ بكرێت بۆ ئەوەی ڕێگەی لێ بگیرێت، وەك بڵێی هەر زانینەكە بەس بێت.

 گرنگە كە چەمكی نكۆڵی(بە ئەڵمانی Verleugnung) و چەمكی نەفی‌ (بە ئەڵمانیVerneinung ) تێكەڵ نەكەین، كە هەردووكیان پێشوەختە زیگمۆند فرۆید بەكاریهێناون. نەفی كە دەكرێت بە نەرێكردن)یش بكرێتە كوردی، جۆرێكی تایبەتی ڕەتكردنەوەیە. چەمكەكە ناونیشانی دەقێكی كورت بەڵام گرنگی فرۆیدە كە ساڵی 1925 بڵاوبووەتەوە. نەفییەكە ئاماژەیە بۆ چركەساتێكی شیكردنەوەی دەروونی. فرۆید لەسەر زمانی نەخۆشێكی گریمانەیی دەنووسێت: "دەپرسیت ئاخۆ ئەو كەسە كێ بێت خەونم پێوە بینیوە. ئەو كەسە هەر كێ بێت دایكم نییە. ئێمەش ئاوا بۆی ڕاستدەكەینەوە: "كەواتە ئەوە دایكێتی." لێرەدا نەخۆشەكە لەڕێی نەرێكردنەوە بوار بۆ دەركەوتنی بیرۆكەیەكی چەپێنراو خۆش دەكات. واتە چەپاندنەكە تا ڕادەیەك لادەچێت، بەڵام بەبێ ئەوەی سەرلەبەر هەڵگیرابێت. لە حاڵەتی نەفیدا ئیگۆ ناكەوێتە بەر گوژمە هەستەكییەكەی ناوەڕۆكە چەپێنراوەكەوە، وێڕای ئەوەی بەشێكی ناوەڕۆكەكە دێتەوە ناو ئاگایی. نەفی عادەتەن لەبەرامبەر بیرۆكە یان خواستێكی ناوەكیی چەپێنراودا بەكاردێت، بەپێچەوانەی نكۆڵییەوە كە خۆلادانە لە واقیعێكی دەرەكیی دزێو یان هەژێنەر. ئەم چەمكی نەفییە دوای فرۆید لە دەروونشیكاریی لاكانی و سلۆڤینیش زۆری لەسەر نووسراوە.

لە لایەكی ترەوە، لای فرۆید، نكۆڵی بەتایبەت لە بەستێنی گرێی خەسان (castration) و فێتیشزم (fetishism)دا باس دەكرێت. نكۆڵیش وەك نەفی میكانیزمێكی بەرگرییە، شێوازێكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعێكی ناخۆش پەنای بۆ دەبرێت. لە نكۆڵیی فرۆیدییدا، ئیگۆ تووشی دابەشبوون دێت: بەشێكی ئیگۆ دان بە ڕاستییە تراوماییەكەدا دەنێت، بۆ نموونە ئەوەی كە ژن چووكی نییە (خەسان)، بەڵام بەشێكی دیكەی ئیگۆ نكۆڵی لەمە دەكات و فێتیشێك دەخاتە جێی ئەم ئۆبێكتە ونە. دەكرێت فێتیشەكە كاڵایەك، پارچەیەك جلوبەرگ یان ئەندامێكی جەستەیی كەسەكە بێت.

لە ڕووی نەخۆشیزانییەوە، نكۆڵی دۆخێكی كێشەدارترە لە نەفی. بە جۆرێك ئەگەر نەفی پەیوەست بێت بە دەروونگرژی (عوساب- نیرۆسیس)ـەوە، ئەوا نكۆڵی لە دۆخی دەروونپەشێوی (سایكۆسیس)ـەوە نزیكترە. بەو مانایەی سوبێكت وەها دەجووڵێتەوە وەك بڵێی ئەو بەشەی واقیع بوونی نییە. ئەمەش سەری كێشاوە بۆ ئەو هاوكێشە بەناوبانگە: "زۆرباش دەزانم، بەڵام وێڕای ئەوەش..." هەڵبەت زوپانچیچ بەوە ناسراوە كاتێك دەست بۆ چەمكێك یان بیریارێك دەبات، بە ڕاڤەی زۆر نوێوە دەیخاتەڕوو، مامەڵەكردنیشی لەگەڵ چەمكی نكۆڵی بە هەمان شێوەیە و ئاسۆی چەمكەكە زۆر لە مانا بنەڕەتییەكەی فراوانتر دەكات.

دەقەكە

--------------------------------------------------------------------------------------

ئۆلیڤەر ئەدێلسۆن: نوێترین كتێبت دەپەرژێتە سەر سیاسەت، فەلسەفە و دەروونناسی و تاد، بەڵام چەمكێك هەیە كە پێت وایە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هەموو ئەم بوارانە: نكۆڵی (disavowal). نكۆڵی چییە و بۆچی كلیلی تێگەیشتنە لەو بارودۆخە دژوارەی ئێستامان؟

ئەلێنكا زوپانچیچ: ڕاستییەكەی ئەوە تەنها چەند ساڵێكە بەچڕوپڕی بیر لەم بابەتە دەكەمەوە. با بڵێم ماوەیەكی زۆر نییە خەریكیم، بەڵام پێم وایە شتێكی زۆر گرنگی تیایە، وەك خۆت وتت، لەبارەی ئەم ڕۆژگارەمانەوە. نكۆڵی چەمكێكی زۆر سەرنجڕاكێشە، چونكە ئێمە هەر بە چەمكەكەی دیكە ڕاهاتووین، واتە ڕەتكردنەوە (denial)ـی سادە. بۆ نموونە ڕەتكردنەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، ڕەتكردنەوەی ئەم یان ئەو شت.

بەڵام نكۆڵی بە شێوازێكی زۆر لادەرانەتر كاردەكات. بەدیاریكراوی بدوێین، سەرەتا دان بەتەواوی ڕاستییەكدا دەنێت، "زۆر باش دەزانم دۆخەكە بەم شێوەیە"، بەڵام دواتر وەها دەجووڵێتەوە وەك بڵێی ئەم مەعریفەیە هیچ گرنگییەكی ئەوتۆی نییە. بۆیە پێشتر چۆن بووە، هەروا ملی دەداتەوە بەر. پێم وایە ئەمە زۆر بەربڵاوترە لە كاردانەوەمان دەرهەق بە ئاستەنگە كۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەكان بەراورد بە ڕەتكردنەوەیەكی سادە.

ئەدێلسۆن: ئاماژەت بە گۆڕانی كەشوهەوا كرد، دەمەوێت لێرەدا ئێستێك لەسەر جیاوازیی نێوان ڕەتكردنەوە و نكۆڵی بكەین. ئایا ئەو كەسانەی دان بە حەقیقەتی گۆڕانی كەشوهەوا دەنێن بەڵام هیچی لەبارەوە ناكەن (نكۆڵی) زیانبەخشترن لە ڕەتكەرەوەكانی گۆڕانی كەشوهەوا؟

زوپانچیچ: بەڵێ، ئەمە ڕێك خاڵێكی كتێبەكەیە، واتە ڕەنگە ئەوان زیانبەخشتر بن. یان تەنانەت لەمەش گرنگتر، ئەوان گیرۆدەی ئەم جۆرە سەمایەن لەگەڵ ڕەتكەرەوە ڕاستەوخۆكاندا، چونكە خۆیان وەك مرۆی عەقڵانی دەنوێنن. ئەوان دەڵێن، "تەماشای ئەم گەوجانە بكە. خۆ هەر بڕوایان بە گۆڕانی كەشوهەوا نییە. بەڵام ئێمە ڕۆشنفكرین و سەری لێ دەردەكەین." بەڵام دوورمەودا، هیچ ڕوونادات. كردارەكان وەك خۆیان دەمێننەوە. دوو سێ كۆنفرانس لەبارەی گۆڕانی كەشوهەوا ڕێكدەخەن، بەڵام هێشتا گەشەكردن وەك بنەمای كاركردی كۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە و تاد [واتە ئەو جۆرە گەشەكردنە ئابوورییەی كە هۆكاری زیانگەیاندن بە ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوایە لەكارناكەوێت]. بە ڕای من، نكۆڵی هەر لەبەر ئەوە مەترسیداتر نییە چونكە باوترە، ئاخر ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەندی ئەم كاركردەی نكۆڵیكردنن، بەڵكو لەبەر ئەوەش مەترسیدارە چونكە ئەم سەمایە هەیە لەنێوانیان.

ڕەتكەرەوەكان، كە زۆرجار دەدرێنە پاڵ ئەوەی پێی دەوترێت تیۆری پیلانگێڕی، ئاماژە بەم دەستەبژێرانە دەكەن كە [پرسەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا] تەنها وەك نەخشەڕێگایەك بۆ دەوڵەمەندكردنی خۆیان بەكاری دێنن. لەولاشەوە، ئەو دەستەبژێرە نكۆڵیكەرانە، كە تا دێت دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن، پەنجە بەڕووی ڕەتكەرەوەكان ڕادەكێشن و دەڵێن، "باشە، بەڵام خۆ ئەوان پیاو خراپە ڕاستەقینەكانن"، لەكاتێكدا ئەوانیش هیچ كارێك ناكەن. ئەمە كێشەیەكی ڕاستەقینەیە.

ئەدێلسۆن: پێت وایە ئەمە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی لە سیاسەتدا لەلایەك كەسانی پۆپۆلیست و لە لایەكی تریشەوە ئەوانەی خەریكی هەمان تاس و هەمان حەمامن هەیە؟ ئاخۆ ئەوان نوێنەرەوەی ڕەتكردنەوە و نكۆڵین؟

زوپانچیچ: ڕێك. پێم وایە بەڕاستی بەشێوەیەكی تراژیدیی بەم دژیەكییەی سەرەوە گیرۆدە كراوین، كە بە دیدی من، دژیەكییەكی ڕاستەقینەش نییە، چونكە هەر دوو بەرە پێویستیان بە یەكترە و پاڵپشتی یەكتری دەكەن.

ئەدێلسۆن: بۆچی نكۆڵی بەو ڕادەیە هەمووانی گرتۆتەوە؟ وادیارە بونیادەكە بە وتنی ئەوە دەست پێ ناكات، "زۆر باش دەزانم"، بەڵكو بە هاواركردنی "زۆر باش دەزانم." ئایا لەبەر ئەوە هێندە بەربڵاوە چونكە خەڵك دەیانەوێت وەك مرۆی جوامێر دەربكەون؟ ئایا كاردانەوەیە دەرهەق بە تراوما؟ هەر بەڕاست مەسەلە چییە؟

زوپانچیچ: مەسەلەكە زۆر شتە. بێگومان، ئەم چەمكەش نوێ نییە. دەمێكە خراوەتەڕوو، مەبەستم هەر پێشوەختە فرۆید خۆی باسی كردووە، بەڵام ئۆكتاڤ مانۆنی ئەم هاوكێشەیەی بە فەڕەنسی خستەڕوو.  je sais bien, mais quand même (زۆرباش دەزانم، بەڵام وێڕای ئەوەش). چەند دەیەیەك لەمەوبەر لە كۆمەڵێك بەستێنی جیاوازدا شیكاری بۆ كردووە، بەڵام پێم وایە ئەم چەشنە كاركردەی دیسانەوە بەچڕی ئامادەیە، هەڵبەت بە پێچێكی كەمەوە. ئەم پێچە لەو پێكهاتە دژیەكییە "زۆر باش دەزانم، بەڵام وێڕای ئەوەش، وەها درێژە بە ژیانی ڕۆژانەم دەدەم وەك بڵێی  نەمزانیوە"ـەوە گۆڕاوە بۆ "زۆر باش دەزانم. بە دەمی خۆم دەیڵێم كە دەیزانم. ڕێك ئەمەش بیانووە بۆ ئەوەی وەك جاران بەردەوام بم."

بۆیە ئەو مەعریفەیەی ڕایدەگەیەنم، هەڵیدەگرم و بۆ هاوپێڕ یان هەر كەسێكی تریش دەیخەمەڕوو، بەدیاریكراوی لەو جێیەی بەشێكم لێی- ئەمە خۆبەخۆ بەسە. ئەمە قەڵغانێكە دەمپارێزێت لەوەی كە ئەم مەعریفەیە هیچ ئاكامێكی لە واقیعدا لێ بكەوێتەوە. ئەوە بەسە كە دەزانم و لە ڕیزی ئەوانەم كە دەزانن.

ئەدێلسۆن: ئەی ڕۆڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە پەرەپێدانی نكۆڵی چییە؟ وادیارە ئەم تۆڕانە كارئاسانی زۆر بۆ نكۆڵیی لە فەزای گشتی دەكەن. بەڵام دیسانەوە ڕۆژانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەر لێشاوێك لە وێنەی دزێو و ناخۆش دەكەوین. ئایا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێویستیان بە نكۆڵییە و سەریدەخەن؟

زوپانچیچ: بێگومان تۆڕە كۆمەڵاتییەكان سەكۆ و قەوارەیەكی وەها بە نكۆڵی دەدەن، كە ڕەنگە ئەگەر لەبەر ئەم تۆڕانە نەبووایە شتەكە پێچەوانە بووایە. بەڵام هەروابێتەوە بەو مانایەش هانی نكۆڵی دەدەن كە ئەم تۆڕانە گشتین- بەڵام ڕاستییەكەی نا. بەتەواوەتی بەش بەش كراون. لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بڵق [بازنەی بچووك]ـی خۆت هەیە، فرێند و فۆلۆوەر و چی و چیت هەیە، تۆش لە بنەڕەتەوە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بۆ وان دەدوێیت. بۆیە ئەم شتە زیاتر و زیاتر لەم بڵقەدا هەڵدەئاوسێت، بەبێ ئەوەی لێی دەربچێت.  

سەرنجی ئەوەشم داوە كە لە چەندین ئاستدا ترسی بنەڕەتیمان ئەوەیە كە وەك كەسانی "ساویلكە" دەربكەوین. خەڵك بەڕاستی لەوە دەترسن لەو كەسانە نەبن كە دەزانن، و وەك ساویلكە ئاماژەیان بۆ بكرێت، هێندەی لەمە دەترسن لە هیچی تر ناترسن. ئەمە بەتایبەت لە بابەتی گۆڕانی كەشوهەوا دەبینم: هەر دوو بەرەكە دەڵێن: "من ساویلكە نیم." دەزانی "من هێندە ساویلكە نیم بڕوا بەم یان بەو شت بكەم." نازانم ئەم ترسە گەورەیە لە ساویلكەبوون، لە هەڵخەڵەتێنران، لەوەی لە ڕیزی بەئاگاكان نەبیت لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە زۆر سەرسامكەرە. هەندێجار ترسمان لە ساویلكەبوون یان بەهەڵەداچوون زیاترە لەوەی بمرین.

بۆیە دیالەكتیكێكی سەیروسەمەرە لێرەدا هەیە، كە توانستی بوێری (یان بەڕووكەش بوێری)ـیەكی زۆر كەمەندكێشمان پێ دەدات بۆ درێژەدان بە شتێك كە سوور دەزانین كارەساتاوییە. بەڵام ئەمە ڕێك بوێری نییە، چونكە ئەم قەڵغانە هەیە كە لەوە دەمانپارێزێت كە دەیزانین و لەوەشی كە دەبێت بێدارمان بكاتەوە، یان لانیكەم گۆڕانێك لە شێوازی بیركردنەوەمان بێنێتەئاراوە.

ئەدێلسۆن: باست لەوە كردووە كە توخمێكێ نەخۆشانە (پاتۆلۆژی) لە نكۆڵیكردندا هەیە، بەڵام هەر بەڕاست دەتوانین بەبێ ئەو بژین؟ ئەگەر هەموو ڕاستییەك قورسایی ڕاستەقینەی خۆی پێ بدرێت و هیچ نكۆڵییەكمان نەبێت، توانای بەرگەگرتنیمان دەبێت؟

زوپانچیچ: بێگومان من ناڵێم، "واقیعێكی تۆقێنەر هەیە. ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ببەوە." هەموومان پەنا دەبەینە بەر چەندین میكانیزم تا یارمەتیمان بدەن مامەڵە لەگەڵ هەندێ بەشی واقیعدا بكەین كە تراومایی و هەژێنەرن،  هەم لەسەر ئاستی تاكەكەسی و هەمیش كۆمەڵایەتی. بەڵام كڕۆكی بابەتەكە ئەوەیە كە چەندین شێوازی جیاوازی ڕووبەڕووبوونەوە هەیە لەگەڵیان. بە ڕای من، نكۆڵی یەكێكە لە كێشەدارترینیان، چونكە بەندمان دەكات و وامان لێ دەكات تەنها چاوەڕێی ڕوودانی كارەساتێك بكەین، چاوەڕوانییەكی ناچالاك، لەكاتێكدا بەتەواوی دەزانین كە بەڕێوەیە.

بۆیە پێم وایە ڕەتكردنەوە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە سوودبەخش نییە، بەڵكو لەسەر چەپاندن بەندە، ئەمەش وادەگەیەنێت ڕووبەڕووی شتێكی هێندە بەرگەنەگیراو بوویتەتەوە كە لە واقیع دەیچەپێنیت. دەیخەیتە ئاستێكی دیكەوە، ناتوانیت لەبارەیەوە بدوێیت. دەستت پیا ناگات. بەڵام دواتر لە شێوەی ڕستێك دەردەنیشانە (سەمپتۆم)ـەوە دەگەڕێتەوە، كە جاروبار ژیانت لێ تاڵ دەكەن و ناچارت دەكەن هەوڵی چارەسەرێك بدەیت. بەڵام نكۆڵی كەمتر ئازاربەخشە. هێندە ئاكامی لەسەرت نییە، چونكە واقیعەكەت نەچەپاندووە. لەسەر هەمان ڕووتەخت دەیهێڵیتەوە، تەنها دیزەبەدەرخۆنەی دەكەیت. سەیری شتێك دەكەیت و وەها لەبارەیەوە دەدوێت وەك بڵێی هیچ ڕەپتێكی بە تۆوە نییە.

ئەمە گرێدراوە بە شتێكی دیكەشەوە كە فرۆید شیكاری كردووە، بەدیاریكراوی كاركردی ئەو شتەی پێی دەڵێت "یادەوەریی ساختە (fausse reconnaissance)" یان "دێژا ڤوو (déjà vu)" لە شیكردنەوەی دەروونیدا. كەسانێك بە یادەوەرییەك یان هەر شتێكی دیكە دەگەن كە بۆ یەكەمجارە لە شیكردنەوە دەروونییەكەدا باس دەكرێت، كەچی یەكسەر دەڵێن: "خۆ پێشتر وام پێ وتی." بە ڕای فرۆید، ئەمە میكانیزمێكی بەرگرییە، با بڵێین شتێك كە یەكەمجارە دەردەكەوێـت وەك یادەوەرییەك دەخەنەڕوو. وەك شتێك كە هێندە كارت تێ ناكات. شتێك كە بەڕاستی پێت ناگات، ڕێك لەبەر ئەوەی زۆر تراوماییە.

ئەگەر بپەڕینەوە بەستێنە كۆمەڵایەتییەكە، بۆ ڤیدیۆی "Gaza Riviera" ئەمدواییە، كەمتازۆر وەك ئەم جۆرە دێژا ڤووە ڕۆڵ دەگێڕێت. خەڵكی دەڵێن، "ئۆھ، ئەمە گەمژانەترین بیرۆكەیە. هەموومان دەزانین گەمژانەیە." بەڵام ئەوەتا هەیە. هێندە بڵاوكراوەتەوە كە كەمتازۆر بووەتە بەشێك لە واقیعەكە. دواتریش ڕێگە بۆ سیاسەتێكی بێڕەحمانە خۆش دەكات. گەرچی هیچ كەسێك بەشێوەیەكی سوبێكتیڤ خۆی ناكاتە ساحێبی ئەم بۆچوونە، وێڕای ئەوەش ئەوەتا هەیە. ئاشنا دەبێت لامان، بۆیە دواتر هێندە شۆك نابین ئەگەر شتێكی وەها بەڕاستی ڕووبدات.

ئەدێلسۆن: چەندین پرسی لەم شێوەیەت بە زمانێكی دەروونشیكارانە باس كردووە. پێت وایە كاتێك هەوڵی چارەسەركردنی ئەم كێشانە دەدەین، گرنگە ئاخۆ دەروونشیكاری یان سیاسەتی دەستەكۆیی بەكاردێنین؟ پێویستە كردارەكە لەكوێ بێت؟

زوپانچیچ: پێم وانییە هەر بە تەنها بە بەكارهێنانی دەروونشیكاری، ئەم كێشانە چارەسەر دەبن. بڕوایەكی زۆرم بە سیاسەت هەیە. پێم وایە زۆرجار زاراوەی سیاسەت لە گوتاری كۆمەڵایەتی (و تەنانەت لە گوتاری سیاسیشدا) دەبێزرێت، هەروابێتەوە لە تیۆری ڕەخنەییدا زاراوەی "دەسەڵات" خراوەتە جێگەیەوە. بەڵام دەسەڵات هەمیشە ئامادەیە، لە هەموو جێیەكە. هەر كارێك بكەیت، بەشێكی لە دەسەڵات. سیاسەت شتێكی دیكەیە. دەتوانیت دەرگیری بیت، ڕووبەڕووی ببیتەوە، یان سیاسەتێكی دیكە پێشنیار بكەیت. بۆیە پێم وایە بەدڵنیاییەوە دەروونشیكاری یارمەتیمان دەدات ئەو میكانیزمانە ببین كە لێرەدا لەگەڕدان. هەروابێتەوە، یارمەتیمان دەدات چاوكراوە بین بۆ ئەو شتەی پێی دەوترێت سیاسەتی كۆمەڵایەتی، جۆرە ناكۆكی (ئەنتاگۆنیزم)ێكی بنەڕەتی، ناكۆكیی كۆمەڵایەتی. هەر كاتێكیش ئەم ناكۆكییە كۆمەڵایەتییە هەبێت، مانای ئەوەیە كە واقیع، هەم واقیعی سیاسی و هەم هی كۆمەڵایەتی، گشتێكی بێ لایەن نییە كە تێیدا بەشێك شەڕی بەشێكی تر بكات.

بۆ نموونە بڕوانە كارڵ ماركس. لای ماركس ململانێی چینایەتی ئەوە نییە: "ئەو هەمووە چینە جیاوازەمان هەیە و لەنێوان خۆیان ململانێ دەكەن." ململانێی چینایەتی ئەو شتەیە كە یەكڕەنگی، یەكێتی و هاوشێوەیی ئەم پانتاییە تێكدەدات. بۆیە تەنها دەتوانیت لە پێگەیەكی دیاریكراوەوە، پێگەیەیكی لایەندارانە، تێڕوانینێكی ڕاستەقینەت هەبێت لەبارەی ئەوەی ئەم ناكۆكییە لەسەر چییە. پێم وایە دەروونشیكاری جێی سیاسەت ناگرێتەوە، ناشتوانێت وابكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوەی هەندێ ئایدیا یان تێگەی سیاسیی دیاریكراو كە بوار بۆ سیاسەتی ڕزگاریخوازانە دەڕەخسێنن.

ئەدێلسۆن: زۆر دەروونناس پێیان وایە ئەگەر بمانەوێت لە دەروونناسی تێبگەین، ئەگەر بمانەوێت لە مرۆڤەكان تێبگەین، دەبێت خەریكی توێژینەوە لە كیمیای مێشك بین، نەك فرۆید یان دەروونشیكاری. حەتمەن ئەمە بۆچوونی تۆ نییە؟

زوپانچیچ: نەخێر، بە هیچ شێوەیەك. پێش هەموو شتێك، لە دەروونشیكاریدا مەودایەكی زۆر ڕوون هەیە لەو شتەی بەگشتی پێی دەوترێت دەروونناسی. ژاك لاكان قسەیەكی ناسراوی هەیە كە چەندین جار كردوویەتی: دەروونشیكاری دەروونناسی نییە. دەروونشیكاری هەوڵ نادات تیۆرێك لەسەر مرۆڤەوە داڕێژێت، بە ڕای من دەروونشیكاری وەك لێكۆڵینەوە لەوەی كە ئێمە كێین و بۆچی ئەوەین كە هەین لە سیاسەت و فەلسەفەوە نزیكترە تا لە دەروونناسی. دەروونشیكاری پرسی زۆر بنەڕەتیتر دەورووژێنێت.

من هەمیشە زۆر نیگەرانم لە بەدەروونناسیكردنی دیاردەكان. تەنانەت فرۆیدیش، ئەوكاتەی بەو كەسانە دەستی پێ كرد كە پێیان دەوترا هیستریایی، تێڕوانینەكەی ئەوە بوو كە ئەوەی بەكردەیی بەم تووشبوانەی هیستریا لەسەر قەنەفەی شیكردنەوەی دەروونییە كۆمەڵگایە.  كەواتە كۆمەڵگا لەسەر قەنەفەی شیكردنەوەی دەروونی بوو. كێشەكە ئەوەندە سادە نەبوو، "ئەم كەسانە، دەبێت چارەسەر بكرێن." بەڵكو ئەوەیە چی لە بونیادی خێزان، لە بونیادی كۆمەڵایەتیدا ڕوویداوە كە بووەتە هۆی دەركەوتنی ئەم هەموو دەردەنیشانانە. بۆیە دەروونشیكاری ڕچەوڕێكارێكی زۆر جیاوازە.

 

سەرچاوە:

We need Freud's forgotten concept to understand our political crisis | Alenka Zupančič, Oliver Adelson » I AI TV


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا