
"ناسیۆنالیزم"، وه‌ك هه‌ر وشه و چه‌مكێكی تر، له سنوری خۆی ده‌ترازێت و ڕه‌هه‌ند (یاخۆ ورده‌ڕه‌هه‌ندی تر) وه‌رده‌گرێت كه جار هه‌یه ئه‌م ڕه‌هه‌نده جۆرێكه له داشكان. واته پاشڤه‌چوونه به‌ره‌و ئه‌و بنكه‌یه‌ی كه لێیه‌وه هاتووه و بنكه‌كه‌شی ئالوده‌كردوه به‌و مانایه‌ی دواتر. بۆ نموونه، ناسیۆنالیزم ده‌توانێت ئاماژه بێت بۆ وشه‌ی "كورد"یش كه چیدی كورده‌كه بێلایه‌ن نامێنێته‌وه و به‌جۆرێك ده‌بنه هاومانای یه‌كدی. به‌تایبه‌ت له‌و ڕووه‌وه كه كورد به واتای جۆرێك كوردپه‌روه‌ریی شاراوه‌ش دێت چونكه خه‌ڵكێكی ژێرده‌سته. له‌م به‌شه‌دا ناسیۆنالیزم و كورد وه‌ك جووتێكی ڕه‌خنه‌یی به‌كاردێنین، كه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ندێك سه‌رنج بگرینه پێچ‌وپلووچه‌كانی ژیانی. میله‌تان و خه‌ڵكانیش وه‌ك بونه‌وه‌رێك وان كه ژیانی تایبه‌تیی خۆیانیان هه‌یه، ده‌بزوێن، ده‌چنه‌دوا، په‌پكه‌ده‌خۆن، شوێنانێكیان ڕه‌قهه‌ڵدێت و هه‌ندێك شوێنیشیان ده‌رده‌كه‌وێت كه یه‌كپارچه هه‌ڤدژی و ناكۆكییه.
میله‌تێك كه به‌په‌له‌پڕووزێ بكه‌وێته ناو هه‌زاره‌ی سێیه‌می زایینه‌وه، گومانی تیا نییه شپرزه‌ده‌بێت. گه‌ربێتو هه‌ست به‌و شپرزه‌ییه‌ی خۆیشی نه‌كات و وه‌ك دۆخێكی سرووشتی وه‌ریبگرێت، ئه‌وجا كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌دات. ده‌بێت له یه‌ك كاتدا، دوو ڕه‌هه‌ندی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی وه‌ربگێڕێته سه‌ر یه‌كتر یان درزه‌كه‌یان كه‌مبكاته‌وه بۆ كه‌مترین ئاستی ڕێتێچوو. جگه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، ده‌توانین ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده ناوبنێین "واقیعی-مه‌جازی"یش. واقیعی واته ئه‌و دیوه‌ی خۆت و مێژووه‌كه‌ت كه له خۆته‌وه دیاره. مه‌جازییش، واته ئه‌و شتانه‌ی خستوونه‌ته سه‌ر خۆت، ڕه‌گه‌زه خه‌یاڵی و هاورده‌كان، و هتد. له‌ڕاستییدا چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه، به‌تایبه‌ت له دوای ڕاپه‌ڕینی نه‌وه‌ت‌ویه‌كه‌وه، ئه‌م ڕه‌هه‌نده مه‌جازییه هه‌ستی پێ كرا. ته‌نانه‌ت ده‌توانین له‌وه زیاتر بڕۆینه پێش و بڵێین كۆمه‌ڵگای كوردیی دوای ڕاپه‌ڕین، كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌جازی بوو. ئیدی له مه‌جازی به‌و مانا تیۆرییه‌ی وتمان، و به‌و مانا ده‌قاوده‌قه پسپۆڕییه‌ش كه به واتای گریمانه‌یی و میدیایی و هتد دێت. كۆمه‌ڵگەی دوای ڕاپه‌ڕین، كۆمه‌ڵگایه‌كی میدیایی بوو. میدیا ده‌ستیكرده ڕۆنانی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه له زۆر باردا ڕۆنان و بنیاتنان نییه له واقیعدا، به‌ڵكو نواندنه‌وه‌ی واقیع بوو به ڕێژه‌ی چه‌ند جار. وێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك بنیاتنرا كه ته‌نیا له‌ناو شاشه‌كاندا هه‌بوو. هه‌ر كرده‌یه‌كی واقیع، چ سیاسی یان كه‌لتوری، هه‌ڵكشا یاخۆ هه‌ڵكێشرا بۆ شتێكی له خۆی گه‌وره‌تر یان بچوكتر. له دۆخێكی وادا، مرۆی كورد یان بینه‌ری نه‌ته‌وه، تووشی جۆرێك پێوه‌رپه‌شێوی هات كه پێوه‌ری گه‌وره و بچوكی لێ تێكچوو. فڵان دیارده له واقیعدا قه‌باره‌یه‌كی هه‌بوو، كه له كۆمه‌ڵگا میدیاییه‌كه‌دا گۆڕان به‌سه‌ر قه‌باره‌كه‌یدا هاتبوو. دیاره ئه‌مه به‌و واتا ساكاره نیه كه نیه‌تێكی ئه‌هریمه‌نی له‌پشت ئه‌و جۆره كۆمه‌ڵگەیه‌وه بووبێت، به‌ڵكو دۆخێكی مێژوویی دیاریكراو وایكرد به‌په‌له وێنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگەی له‌و جۆره بنیاتبنرێت كه تا هه‌نوكه‌ش له ئاكامه‌كانی پاكنه‌بووینه‌ته‌وه. ئه‌م وێنه‌یه بۆ ئه‌وه ڕۆنرا درزی نێوان ناوه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مبكرێته‌وه، به‌ڵام له‌م سه‌ره‌وه درزێكی دیكه‌ی زلكرده‌وه كه هی نێوان واقیع و واقیعه میدیاییه‌كه بوو. ئه‌م خاڵه واده‌كات بڵێین، تیۆره‌كانی مه‌جازیبوونه‌وه بۆ كورد، پێویستیان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م كه‌رتبوونه ناوه‌كییه‌یه.
دیاره ئه‌م كۆمه‌ڵگە میدیاییه، له سنوری میدیا حه‌رفییه‌كه‌دا نه‌مایه‌وه و پێشتریش له‌و خاڵه‌وه ده‌ستی پێنه‌كرد. واته ناسیۆنالیزمه‌كه نه‌هات بڵێت با له كه‌ناڵی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌وه، كۆمه‌ڵگایه‌ك درووستبكه‌م. به‌ڵكو نیه‌ته‌كه، به‌شێوه‌یه‌كی بونیادی و پێشین، كه‌وته پێش ئه‌م ده‌سپێكه ئامرازییه‌وه. دواتر میدیا وه‌ك میدیا، كه‌وته به‌گه‌ڕخستنی كۆمه‌ڵگە میدیاییه‌كه. نازانین ئه‌مه چه‌نده ژێستێكی دووباره‌كه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌تاكانی نه‌ته‌وه بوو كه باسی نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر كاغه‌ز و ڕۆژنامه ده‌كرا، به‌ڵام ئاشكرایه جیاوازییه‌ك هه‌یه چاره‌نووسسازه: له‌مه‌ی دووه‌مدا، ژێستی به‌گه‌ڕخستن هه‌یه، ژێستی خۆپۆزه‌تیڤكردن له ڕووبه‌رێكی گریمانه‌یی كه‌متاكوت خێراتردا كه هه‌مان كۆمه‌ڵگا واقیعییه ڕه‌شوڕووته‌كه نیه. كتوپڕ كۆمه‌ڵگایه‌ك خرایه ناو فه‌زایه‌كی گریمانه‌ییه‌وه كه هه‌م وێنه‌ی خۆی بوو، هه‌م وێنه خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆیشی كه ده‌بوو به‌رامبه‌ر دونیای نوێ ڕابگیرێت. به‌شێك له نۆستالیژیای خه‌ڵك له دواتردا بۆ ئه‌وده‌م، په‌یوه‌ندیی به‌و سازكردنه خێراییه مه‌جازییه‌وه هه‌بوو كه ده‌ڕووخا و نه‌ده‌ما. به‌شێكیشی په‌یوه‌ندیی به‌و خێراییه جیهانییه‌وه هه‌بوو كه له‌سه‌ر بنجی خۆی ده‌هات، و ئێره‌ی تووشی گێژه‌ڵووكه‌یه‌ك ده‌كرد نه‌یده‌هێشت ته‌واو له خۆی ڕابمێنێت و خۆی بناسێت. ئه‌م گێژه‌ڵووكه‌یه، ئێستاش به فۆرمی تر به‌رده‌وامه و له هه‌ندێك ڕووه‌وه ژیانی نه‌ته‌وه له به‌راییدایه، كه‌چی به قه‌ولی قه‌دیمییان هاوزه‌مان ڕۆڵێكی تریش"ده‌له‌یزێت".
ناسیۆنالیزمی كوردی، تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م قڵیشه ژیاوه و خۆراكی به جه‌سته‌ی خۆی داوه. له‌و ده‌مه‌وه كه پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی پیشانده‌دایه‌وه، تا پێناسه‌كردنی وشه و چه‌مك و كه‌سایه‌تی و ڕووداوه‌كان و هتد. ئه‌م كۆمه‌ڵگە میدیاییه، ڕۆڵی له‌وه‌دا هه‌بوو كه ژیانی كورد سه‌ربكێشێت بۆ ئه‌و شته‌ی كه له جێیه‌كی تردا ناومانناوه "شانۆژیانی كورد"، ئه‌وه‌ی كه ژیانی خه‌ڵكی كورد له‌ناو مۆدێرنه‌دا پتر له شانۆیه‌كی ده‌سته‌جه‌م ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ی پێچێك به‌ده‌وری مه‌شقه قورسه‌كه‌دا لێ بدات. ئه‌م شانۆژیانه، یه‌كێكه له پرسه ئاڵۆزه‌كان كه خه‌ڵكێك به‌كۆ ڕۆڵی تیا ده‌گێڕن؛ چونكه ده‌بێت به‌رده‌وام دوو هه‌ست بكه‌یته یه‌كێك. به‌ڵام بۆ چاوێكی قه‌یراندیده، سه‌ره‌نجامی ئه‌م شانۆژیانه له جێیه‌كی تره‌وه پێچه‌وانه‌ده‌بێته‌وه- بۆ نموونه كێشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له یه‌كه‌وه په‌رشده‌بێته‌وه به‌سه‌ر زۆر ده‌ركه‌وته‌ی فه‌یكدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رنه‌كه‌وێت (بۆ نموونه، كێشه‌ی سێكس له سیاسه‌تی كوردی و تێكڕای واقیعی كوردی دا یه‌ك له‌و كێشانه‌یه كه هه‌موان له په‌یمانێكی شاراوه‌ی چ ئاگایانه و چ نائاگایانه‌دا خۆی لێ ده‌دزنه‌وه). هه‌تا پۆڕنۆگرافیا كه ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ناته‌ندرووستی ناو شارستانییه‌تی مۆدێرنه، لای كورد شكستدێنێت؛ و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگە میدیاییه‌كه و شانۆژیانه‌كه هه‌ڵده‌ماڵێت. به مانایه‌كی تر، جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه له‌به‌رامبه‌ر مۆدێرنه‌دا تووشی هیستریا ده‌بێت و له به‌رامبه‌ركێیه‌كی شاراوه‌دا له‌شی شه‌هید و له‌شی پۆڕنۆكار ڕاده‌گیرێن . فشاره‌كانی دونیای سه‌رمایه‌دارییش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، پتر ده‌چێته سه‌ر ئه‌و دۆگمه كه‌لتوری و مرۆییانه‌ی كه خۆیشیان نازانن ئه‌م سه‌ربارچوونه ڕوویداوه. بۆ وێنه، ده‌شێت زمانی پاره و گوژمه سارده‌كه‌ی، بچێته سه‌ر ڕێسایه‌كی كوردییانه و پتر تووشی ڕه‌قهه‌ڵاتنی بكات. له‌كاتێكدا سه‌رمایه له هه‌ندێك نوخته‌ی جوگرافی و مێژوویی‌دا، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، ڕۆڵی هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه. كه‌چی له واقیعی كوردی دا، دوو دوو دیارده‌ی كوردی و ناكوردی جووتده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌سه‌لامه‌تی بمێنێته‌وه.
له‌م بێنه‌وبه‌رده‌یه‌دا، هه‌ركه‌س و به‌ریان و گوتارێك، نوێی خۆی هه‌یه. به‌ڵام نوێ ئه‌وده‌م نوێیه كه گشتی بێت و توانای كۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌وه‌ی هه‌بێت و ناوكه كوردییه‌كه‌ی بڕیبێت. كوردبوون وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك ده‌بزوێت و كات به نرخی مێژوو ده‌گوزه‌رێت، كه‌چی ناوكه كوردییه‌كه له شوێنگۆڕكێ و لیقبازیی خۆیدایه. ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت وه‌هم نیه، ڕاستییه، باج و ململانێی تیایه؛ به‌ڵام ئه‌و شته‌ی ده‌بێت ببێت هه‌ر دواده‌كه‌وێت. گه‌رچی كه‌س نازانێت ئه‌و شته ده‌بێت چی بێت، به‌ڵام لانیكه‌م ده‌بێت شتێك بێت. دۆخێك بێت شانۆژیانه‌كه بۆ یه‌كجار و هه‌تاهه‌تایه جێبهێڵێت. لێره‌وه‌یه كه ده‌توانین بڵێین كورد ئه‌و قه‌رزه پێویسته‌ی نه‌داوه كه مرۆڤ بۆ مۆدێرنبوونی خۆی ده‌یدات. خۆرئاوا ئه‌م باجه‌ی له شێوه‌ی جه‌نگی گه‌وره و سه‌رپه‌ڕیی مێژوویی گه‌وره‌دا دا. نه‌دانی ئه‌م قه‌رزه به‌سه‌ریه‌كه‌وه، شانۆژیانه‌كه قورس‌تر لێ ده‌كات. ئه‌م شانۆگه‌رییه، له پانتایی نووسین و بیركردنه‌وه‌دا، زۆرینه‌ی ماده مه‌عریفییه‌كانی گۆڕیوه بۆ ماده‌ی سه‌رگه‌رمكه‌ر (ته‌رفیهی) و نازه‌رووری و نه‌پێك. هه‌ر نووسینێك ده‌ست له كرۆكی تراژیدیا كوردییه‌كه نه‌دات، خه‌رجكردنی وشه‌ی كوردییه بۆ به‌رده‌وامیدان به تراژیدیاكه. هه‌تا له زۆربه‌ی كایه‌كاندا، فۆرمالیزمێك به‌دیده‌كرێت كه خۆی له ناوه‌ڕۆكه بنگر و لیقنه‌كه نادات. بۆ نموونه باسی فۆرم و ته‌كنیكی ده‌ق ده‌كرێت، بێ ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی كوردی بخرێته به‌رده‌م ئه‌و پرسیارییه جدییه‌ی ئاخۆ چه‌نده ده‌ست له تراژیدیاكه ده‌دات. به‌رده‌وام كۆڕبه‌ند و فیستیڤاڵ ده‌كرێت بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ سیاسه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی درێژخایه‌ن هه‌بێت. هه‌موو ڕۆژێك میدیا و سۆشیاڵمیدیای نوێ سه‌وزده‌بێت، بێ‌ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێك هه‌بێت بۆ ئاسایشی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی (كه كۆمه‌ڵگا میدیاییه‌كه تیژتر و پووچتر لێ ده‌كات). له خواری كۆمه‌ڵگاشه‌وه، مرۆی ناو بازاڕی كورد، تێكڕا ده‌ستی له هه‌موو پێوه‌رێكی نووسراو و نه‌نووسراو به‌رداوه. لێره‌وه‌یه كه ئوستووره‌ی ئاكاری كوردی خۆی هیچ نییه بێجگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوكێكی ده‌مارگیر كه هیچ سۆزێكی قووڵی مرۆیی تیا نییه.
