
وشه‌ی قیامه‌ت له‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، به‌و واتا مه‌جازییه هاتووه كه دیارده‌یه‌ك وه‌ك كۆتا دیارده بخوێنرێته‌وه؛ وا بزانیت كۆتایی دنیایه. بۆ نموونه، ژیریی ده‌ستكرد، وێڕای هه‌ندێك دیوی سه‌رنجڕاكێش؛ كه‌چی بۆ دونیای كوردی له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر سه‌یرده‌كرێت. ڕه‌نگه لێره‌دا نه‌توانین هه‌موو ئه‌و هۆكارانه تێبگه‌ین و بژمێرین كه له‌پشت ئه‌م تێڕوانینه‌وه‌یه. بۆیه به هه‌ندێك سه‌رنج و سووسه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌یبڕینه‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌رنج و سووسانه‌ی كه به‌تاكه‌كه‌سیی لای خۆم درووستبووه.
له جێی تردا، ئاماژه‌مان به‌وه داوه كه دونیای كوردی، دونیایه‌كه بۆشایی زۆری تیایه. به‌جۆرێك ناوماننابوو "بۆشاییه‌كه‌ی كورد".مه‌به‌ستمان له "بۆشایی" ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دونیا كوردییه، وه‌ك پێویست خاوه‌نی خه‌سڵه‌تی مێژوویی نییه، و كۆمه‌ڵێك كون و كه‌له‌به‌ر له كۆمه‌ڵگاكه‌دا هه‌یه كه ئاسان ده‌رده‌كه‌وێت. نه‌خوازه‌ڵا له‌به‌رده‌م دیارده جیهانییه كتوپڕه‌كاندا كه زۆرجار كۆمه‌ڵگای مه‌ی پێ غافڵگیر ده‌بێت. به‌جۆرێك كه ڕه‌هه‌ندی كۆمیدی وه‌رده‌گرێت و سه‌رتاپێی بۆشاییه‌كه یاخۆ بۆشاییه كتوپچڕه‌كان بارگاوی ده‌كات به خۆی.
ژیریی ده‌ستكرد، وای له به‌كارهێنه‌ری كورد كردووه كه هه‌ستبكات كۆتایی هه‌موو شتێكه. بۆ نموونه، له پانتایی ڕۆشنبیری دا ئه‌و دۆخه درووستبووه كه ئیدی نووسین و وه‌رگێڕان و پرسه‌كانی تیۆریزه له ده‌ستی مرۆڤدا نه‌ماوه. ئه‌مه لای كۆمه‌ڵێك بكه‌ری ڕۆشنبیرییشه‌وه ده‌وترێت كه خاوه‌نی به‌رهه‌م و مه‌تریاڵی ڕۆشنبیریین. ئه‌م دۆخه، له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ك دۆخێكی سایكۆلۆژی ده‌رده‌كه‌وێت كه بكه‌ره ڕۆشنبیرییه‌كان وره‌یان به‌رداوه. به‌ڵام وێڕای ئه‌م ڕاستییه، ئه‌و بۆشاییه‌ی ناو دونیای كوردیش دێته ده‌م دۆخه سایكۆلۆژییه‌كه‌وه و به‌جۆرێك له جۆره‌كان یه‌كتری ته‌واوده‌كه‌ن. به مانایه‌كی تر، شتێك دێته‌ئاراوه ڕه‌نگه بتوانین ناوی بنێین "سایكۆلۆژیای بۆشایی".
به‌و پێیه‌ی دونیاكه خۆی هه‌ژاره، یه‌كسه‌ر كۆی دیارده‌كه وه‌رده‌گرێت و بیر له پێش و پاشی ناكاته‌وه. وه‌كبڵێی تا دوێنێ هیچ كتێبێك چاپنه‌بووه و سبه‌ینێش هیچ چاپ نابێت و تۆوی فیكر و مه‌عریفه ده‌بڕێته‌وه. به‌شێكی ئه‌م دۆخه لای ئه‌و كه‌سانه‌وه په‌ره‌ده‌سێنێت كه سوكناییان پێی دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بارێكیان له كۆڵ بووبێته‌وه كه ده‌بوو هه‌ڵیگرن، یانژی له بارقورسییه‌ك قورتاریان بووه كه نه‌یانتوانیوه بیده‌ن به شاندا و بۆ وچانێكی ڕۆحی گه‌ڕاون نكۆڵیی لێ بكه‌ن. ئه‌م دۆخه كۆمیدییه، بیچمی قیامه‌ت وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی كه ئیدی ته‌واو.
ڕیشه یاخۆ هۆكاری یه‌كه‌می ئه‌م هه‌سته، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌ركه شارستانی و مێژووییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته هه‌واری خۆیان. بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كانیش وه‌ك پێویست خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌و ئه‌ركانه نه‌داوه. ئه‌مه واده‌كات هه‌ستبكه‌ن شتێك له‌ولاوه دێت و ئه‌ركه‌كه ڕاده‌په‌ڕێنێت. بۆ وێنه، مه‌عریفه ده‌سپێردرێته ماشێنێك كه له‌بنه‌ڕه‌تدا كارێكی ئه‌وتۆ ناكات كه زۆر نامۆ بێت به پێشینه‌ی مه‌عریفه‌ی مرۆیی. لێره‌وه ده‌گه‌ینه سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی كه مه‌عریفه شتێكی كه‌مه نه‌ك زۆر. ئه‌مه یانی چی؟
بۆ كه‌سێك كه بیربكاته‌وه، مه‌عریفه شتێكی چۆنایه‌تیی كه‌مه نه‌ك چه‌ندایه‌تیی زۆر. بۆ نموونه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی كه‌م ده‌توانێت ته‌مه‌نێك مرۆ به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ بكات. بیرم نییه لۆكاچه یان بنیامین كه ده‌ڵێت گه‌ر نه‌توانیت هه‌زارساڵ ئیش له‌سه‌ر یه‌ك ئۆبێكت بكه‌یت، ئه‌وا نه‌گه‌یشتوویت به بیركردنه‌وه. ئه‌م قسه‌یه، جه‌خت له‌سه‌ر كه‌می و ده‌گمه‌نێتیی مه‌عریفه ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی كه مه‌عریفه سرووشتێكی چڕ و ستوونی و كه‌ڵه‌كه‌بووی هه‌یه تا فشۆڵ چه‌شنی كا. له ژیریی ده‌ستكرددا خه‌رمانێك كا به‌رهه‌مدێت، به‌ڵام فشۆڵه. ده‌كرێت مرۆ له سه‌عاتێكدا خه‌روارێك كۆد بخاته‌گه‌ڕ؛ به‌ڵام به‌و مانایه‌ی وتمان زاده‌ی مه‌عریفه نه‌بێت. ناڵێین پووچ و درۆیه، به‌ڵكو ده‌ڵێین خه‌روارێك كۆدی ڕیزكراوه. ئه‌مه‌ش به‌ره‌و خاڵی دووه‌مان ده‌بات كه كۆد جیایه له زمانی مرۆیی.
مرۆڤ، له‌ڕێی زمانێكی مرۆییه‌وه شتی نووسیوه كه جیایه له كۆد. زمانی مرۆیی، ئه‌و شته‌ت لا درووستده‌كات كه له زاری خه‌ڵكی شه‌عبیدا پێی ده‌ڵێن "ڕه‌حم". شتێك به زمانی مرۆیی بنووسرێت، به‌ڕه‌حم له‌ویدی جیاده‌كرێته‌وه. به‌و سووسه نیشتووه مرۆییه جیاده‌كرێته‌وه كه چه‌نده برین و تراوما و ناكۆكیی بڕیوه. له هه‌مان كاتدا، ڕه‌نگه ئه‌م خاڵه فه‌لسه‌فه‌ی مارتن هایدگه‌رمان بیرخاته‌وه كه زمان شتێكی له ئامرازی ڕووت زیاتره. زمان، واته زمانی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی له بوون جیانابێته‌وه. به‌م پێیه، كۆدی ده‌ستكرد، ناگاته ئاستی زمان كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ژینه‌كییتره. هه‌ر به‌م پێیه، زمانی مرۆیی، له‌ناو كات و شوێن یاخۆ واقیعدا ده‌بزوێت و گه‌شه‌ده‌كات. به‌ڵام كۆد، له‌ناو كات و شوێندا نییه و ده‌كرێت له سه‌عاتێكدا بارته‌قای چه‌ندین مانگ و ساڵ، كۆدی مه‌عریفی به‌رهه‌م بێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه كه ده‌گه‌ینه سه‌ر هۆكارێكی تر كه وا باشتره ناوی بنێین به‌رپرسیاری.
مه‌عریفه، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌مه، و له‌ناو كات و شوێندا به‌رهه‌مدێت، هاوكات پێویستی به بكه‌رێكی به‌رپرسیاریشه. نووسینێك ڕای تیا نه‌بێت، تراومای تیا نه‌بێت، خاوه‌نه‌كه‌ی تووشی ته‌نگژه و زیان نه‌كات ئه‌وه بزانه به‌رپرسیارێتییشی تیا نییه. ڕه‌نگه ئه‌مه زه‌قترین خاڵ بێت كه ده‌بوو بیخه‌ینه سه‌ره‌تاوه. به‌م پێیه، هه‌موان ده‌توانن سه‌ربكه‌ن به‌ناو ژیریی ده‌ستكرددا؛ به‌ڵام ئاخۆ چه‌ندی لێ ده‌رده‌هێنیت بۆ ئه‌وه‌ی خۆت به‌رپرسیار بكه‌یت. ئه‌مه وه‌ڵامی ئه‌و دۆخه سایكۆلۆژییه‌ش ده‌داته‌وه كه سه‌ره‌تا باسمانكرد. مرۆی كورد هه‌ستده‌كات قیامه‌تێك هه‌ستاوه، و چاوی ته‌ماعی بۆ مه‌عریفه‌ی ده‌ستكرد هه‌یه. به‌ڵام مه‌عریفه واقیعییه‌كه، پتر له تیاژیانه‌وه نزیكه و له‌ئاكامدا مرۆی به‌رپرسیار یه‌كلای ده‌كاته‌وه. واته ده‌قی سارد و بێلایه‌ن و كۆدمه‌ند، به‌رپرسیاری و سه‌رێشه‌ی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی تیا نییه.
ڕه‌نگه لێره‌دا چه‌مكی "نێگه‌تیڤیته" بێته ناوه‌وه. نێگه‌تیڤیته له دونیای فیكردا به هه‌موو ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه ده‌گوترێت وا نه‌فییه‌كیان تیایه. بۆ نموونه، شتێك نوقسانه، شتێك هه‌یه پڕنه‌بووه‌ته‌وه، شتێك هه‌یه شكستدێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بئافرێنێت، كێماسییه‌ك هه‌یه داینه‌مۆی پرۆسه‌كانه، و هتد. واقیعی مرۆیی، له‌سه‌ر بنه‌مای نێگه‌تیڤیته ڕۆنراوه. هه‌تا له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ئه‌و مه‌عریفه كۆدمه‌نده‌ی ژیریی ده‌ستكرد، ناتوانێت ئه‌و نێگه‌تیڤیته‌ی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای مرۆیی پڕبكاته‌وه. مرۆڤه‌كان هه‌موو به ده‌وری چه‌قێكی نوقسان و نێگه‌تیڤدا ده‌ژین كه هیچ سه‌رده‌مێك پڕنه‌بووه‌ته‌وه. ئه‌م نوقسانییه، نوقسانییه‌كی ئه‌فرێنه‌ره. ئه‌و ئه‌زموونه‌ی مرۆیه‌كی واقیعی به گۆشت و خوێنی خۆی ده‌ینوسێته‌وه، هه‌ڵگری نه‌فییه‌كی ناوه‌كیی مرۆییشه بۆیه زیندووتر ده‌رده‌كه‌وێت. ئاسۆی ژیریی ده‌ستكرد، ئاسۆیه‌كه پتر پێچه‌وانه‌ی نێگه‌تیڤیته‌یه، واته ڕووی له پۆزه‌تیڤیته‌یه- پڕی و په‌یوه‌ستییه‌كی نامرۆیی.
پێده‌چێت ئه‌وه خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و دۆخه بێت كه مرۆی كوردی تووشی هه‌ستێكی خێرا و هه‌ڵه‌شه كردووه. ئه‌و پێی‌وایه ده‌بێت ده‌ست له هه‌موو هه‌وڵ و چالاكییه تیۆرییه‌كان هه‌ڵبگیرێت. له‌كاتێكدا له‌ژێر ئه‌م هه‌سته‌وه و له‌ناو ئه‌م بۆشاییه كه‌لتورییه‌وه، پێویستمان به درێژه‌دانه به‌و هه‌وڵانه‌ی وا سرووشتی هاتوون. كه‌لتوور خۆی ئه‌م دیارده تازانه هه‌رسده‌كات، و خۆیشی پێ داده‌ڕێژێته‌وه. شته‌كه نه وه‌همه، نه هێنده‌ش واقیعی كه واقیعه مرۆییه‌كه قووتبدات. ئه‌وه‌ی هه‌یه هاتنی ڕه‌هه‌ندێكی زیاتره بۆ سه‌ر كه‌لتووری مرۆیی كه كه‌لتوور له‌كۆتاییدا به‌شی خۆی لێ كه‌لتووری ده‌كاته‌وه. ئه‌مه گشت، یاخۆ وێنه‌ی گشتیی دۆخه‌كه‌یه. به‌ڵام كاتێك به‌كتوپچڕی دونیاكه وه‌رده‌گرین، حوكمه‌كانیشمان تووشی كورتكردنه‌وه دێت. كه‌لتووری مرۆیی، وه‌ك ماترێسێكی هه‌مه‌كی وایه كه لوولده‌خوات و ده‌بزوێت و شتانێك فڕێده‌دات و شتگه‌لی تازه‌ش هه‌ڵده‌لوشێت. نامانه‌وێت بڵێین مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ته‌واو جیاوازه له‌و شتانه‌ی كه تووشیان ده‌بێت، به‌ڵكو ئه‌ویش ماشێنێكه كه كورتنابێته‌وه بۆ ماشێنێكی كۆدڕێژكراو.
به مانایه‌كی تر، كه‌لتوور خۆی ناوێكه بۆ ئه‌و به‌ربه‌سته هاوبه‌شه‌ی كه مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یانه. من وه‌ك تاك چه‌نده خۆم پڕبكه‌م له كۆد، هێشتان به‌ر سنوری ئه‌ویتر ده‌كه‌وم. له به‌ركه‌وتنیشدا به‌ویتر، تێده‌گه‌م مه‌عریفه بارگاوییه به‌و شته‌ی تۆزێك له‌مه‌وپێش وتمان: به‌رپرسیاری. واته ده‌بێت خاوه‌نی ئه‌و ڕستانه بم كه له‌ژێره‌وه سه‌نگێكی كه‌لتوورییان هه‌یه و ناهێڵن بێ باج و پاشهات لێی ده‌ربچم. گه‌رنا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه كۆمه‌ڵێك كۆده بۆ سه‌رگه‌رمی، و ناشبێته به‌شێك له مێژووی مه‌عریفه؛ چونكه ئه‌و مێژووه به‌ر له هه‌موو شتێك خاوه‌نی ئه‌و خاڵانه‌یه كه له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد.
قیامه‌ت، خۆی ئاماژه‌یه بۆ كۆتایی و هه‌ستانه‌وه‌ش پێكه‌وه؛ به‌ڵام له‌م دۆخه كوردییه‌دا پتر نكۆڵییه له شتێك كه ناخوازرێت سه‌رده‌ربێنێت. مێژووسازی، ئه‌ركێكه قورسه كه كۆمه‌ڵگای مۆدێرن ده‌یدات به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا. مێژووسازی، به واتای فڕێدانی دیارده نوێیه‌كان نییه؛ به‌ڵكو هه‌ڵگرتنه‌وه و هه‌رسكردنیانه له ساتێك‌دا كه پێشتر پرۆسه‌یه‌ك هه‌بووه و به‌رده‌وامه. ئه‌م جیاكارییه، له‌و جیاكارییه میكانیكییه‌ی تر گرنگتره كه زۆرێك په‌رۆشی ئه‌وه‌ن كێهان بابه‌ت به ژیریی ده‌ستكرد نووسراوه و كێهانیش به‌و نه‌نووسراوه. وه‌كبڵێی، ئه‌ركه شارستانی و مێژووییه‌كان دابه‌زیوه بۆ ئه‌و ئاسته‌ی كه كامه‌ی خۆیه‌تی و كامه‌ی خۆی نییه: جۆره گه‌مه‌یه‌كی لیبیدۆیی به‌و ئۆبێكتانه‌وه كه چه‌قینێكی كۆنتر له‌بیرده‌به‌نه‌وه.
