هاوڕێ کرێکار / گەرمیان

🔻حزبی شیوعی: دوو ئیدارەیی سەرەتای قەیرانێکی قووڵترە

🔻پارتی: یەکێتی خەڵک چەواشە دەکات

🔻یەکێتی: دوو ئیدارەیی چەکێکە حزبەکان بەرامبەر یەک بەکاری دێنن

🔻زەحمەتکێشان: مەترسیی گەڕانەوەی فەرمی بۆ دوو ئیدارەیی بەدی ناکەین

 

لە ئەنجامی ڕێکنەکەوتن و نەگەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێنانەکایەی دروستبوونی دوو ئیدارەیی هاتووەتە ئاراوە، 
ئەم هەوڵەش بۆچون و دیدگای جیاوازی لێکەوتووەتەوە.

هیوا محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، دەڵێت: باسکردنی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان بە بۆچوونی ئێمە سەرەتای قەیرانێکی قووڵترە و سەرهەڵدانی ململانێیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستووری و یاساییەکەی. حزبە حکومڕانەکانی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی خۆیان و سەلماندنی پەیوەستبوونیان بۆ دۆستەکانیان و لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمایەتییە نەیارەکان لە لایەک، و لە لایەکی دیکەشەوە پیلانی نەیارانی هەرێمی کوردستانی تێدایە کە ئارەزووی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی دەکەن.

هیوا محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و دوو زۆنییە و هەر ڕەوتێکی سیاسین کە بەو ئاراستەیە بڕوات.

لای خۆیەوە ڕێبوار مستەفا، بەرپرسی ناوچەی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەلار، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتی دەکات و دەڵێت،
​"سیاسەتی پارتی لەگەڵ فکری دوو ئیدارەییدا نەژیاوە. بەڵگەی زۆرمان لەبەردەستە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمیشە بەم ئاراستەیە هەنگاو دەنێت بۆ چەواشەکردنی خەڵک. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، ئەوان سەرەتا پارتی بوون، بەڵام بە پلانی دەرەکی جیابوونەوە و ناوی خۆیان ناوە یەکێتی." 
​ڕێبوار مستەفا دەشڵێت، زۆرجار بەشێک لە داهاتی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەم زۆنە خەرجکراوە؛ ئایا یەکێتی ئەمەی بۆ هەولێر و دهۆک کردووە؟

لە بەرانبەردا حسێن عەزیز، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێی وایە دوو ئیدارەیی چەکێکە حزبەکان بەرامبەر یەک بەکاری دێنن؛ ئەگەر بە فەرمی لەلایەن سەرکردەکانەوە نەوترێت، لەناو بنکەی جەماوەریدا بە ئاشکرا باس دەکرێت. ڕاشیگەیاند، خەڵک باجی دوو ئیدارەیی دەدات نەک حزبەکان، بۆیە بەبڕوای ئەو هیچ لایەنێک بۆی نییە بازرگانی بە خوێنی شەهیدانەوە بکات، بەڵکو دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پێکەوەژیانی سیاسی بکرێت.

بڵام گۆران ڕەحیم، بەرپرسی لقی گەرمیانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، دیدگایەکی جیاوازتری هەیە و دەڵێت، هەرچەندە پەرتەوازەیی و دوورەپەرێزی لە نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکاندا هەیە و لەسەر ئاستی کرداری دوو زۆنی جیاواز هەن کە تێیدا بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ دەروبەر دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی گەڕانەوەی فەرمی بۆ دوو ئیدارەیی بەدی ناکەم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا