
🔻هاووڵاتیەک بەهۆی دەنگی مووەلیدەی کافتریایەک کوژرا
🔻هاووڵاتیەک بەهۆی سەری مریشکەوە کوژرا
ڕێگای کوردستان
ڕووداوی دڵتەزێنی کوشتن کە بەهۆی کێشەی زۆر سادە و بچوک و لاوەکی، وەک کوشتن لەسەر فول لایت و دەستشکانەوەی ئوتۆمبێل و نۆرەی بەنزین و زەوی و زار و سەری مریشک و شەڕە مناڵ و تاگەیشتە کوشتن بەهۆی دەنگی موەلیدەی کافتریا، بۆتە دیاردەیەک کە کۆمەڵگای خستووەتە بەردەم مەترسیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی.
ئەم دۆخە دەرخەری قەیرانێکی قوڵی کۆمەڵایەتی و ئەمنییە کە بەشێکی زۆری بۆ بوونی دیاردەی چەکداری دەگەڕێتەوە.
لە ئێستادا، بوونی چەک لە زۆرینەی ماڵەکاندا بووەتە دیاردەیەکی باو، ئەمەش وایکردووە کێشە بچووکەکان بە خێرایی بۆ توندوتیژی کوشندە پەرەبسێنن. ڕەخنەگران پێیان وایە کە سیاسەتی ساڵانی ڕابردووی دەسەڵات لە ئاسانکاری بۆ چەکدارکردنی کۆمەڵگا، دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی ئەمڕۆی لێکەوتووەتەوە. ئێستا دەسەڵات لە بەرامبەر ئەم هەموو چەکەی ناو ماڵان تووشی دۆخێکی بنبەست بووە و توانای کۆنتڕۆڵکردن و کۆکردنەوەی چەکی لەدەست داوە. بەردەوامی ئەم دۆخە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی خستووەتە ژێر مەترسییەکی گەورە و پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانی و یاسایی بەپەلە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ شەقامەکان.
