ڕێگای کوردستان


هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە و بڕی ئەو پارەیەی مانگانە دەدرا بە پێشمەرگە، لە ٤٤٣ هەزار دینارەوە بۆ تەنها ٧٦ هەزار دینار کەمبووەتەوە. جگە لە کەمبوونەوەی بڕەکە، شایستەی دارایی مانگی سێ تا ئێستا دابەش نەکراوە و بە نادیاری ماوەتەوە.
هەرچەندە بڕی بودجەی تەرخانکراو لەلایەن هاوپەیمانان بڕێکی جێگیرە، بەڵام ژمارەی ئەو لیوایانەی لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی هێزەکاندا خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە زیادی کردووە، بەوەش پشکی تاک بە تاکی پێشمەرگە کەمبووەتەوە. سەبارەت بە دواکەوتنی دابەشکردنی هاوکاریەکانی مانگی سێ، تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
ئەم دۆخە بووەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ سەر بژێوی پێشمەرگە، چونکە مووچەی پێشمەرگە وەک پێویست بەشی دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە ناکات، پێنەدانی ئەم شایستەیەش لە کاتی خۆیدا و کەمکردنەوەی بەو بڕە زۆرە، وەک فەرامۆشکردنی ماندووبوونی ئەو هێزانە دەبینرێت کە لە سەنگەرەکاندا پارێزگاری لە خاک و خەڵک دەکەن.

وتاری نووسەران