
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٣/٦/٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی هیوا عومەر جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و دڵشاد حەساری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، دیداری مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک بەرچاو لە سیاسی و ڕۆشنبیر و چالاکوانی مەدەنی بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جەختی لەسەر پێویستیی گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک کردەوە.
هیوا عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ لێکەوتەکانیان لەسەر کەرکوک و ئەزموونی حوکمڕانی، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هەموو هاووڵاتییانەوە هەیە.
ڕەخنەشی لە هێزە دەسەڵاتدارەکان و ئیئتلافی حوکمڕان گرت کە لەبری پێشکەشکردنی پرۆژەی چارەسەر بۆ کۆمەڵگا، خۆیان بوونەتە بەشێک لە دروستکردنی قەیرانەکان.
جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان جەختی لەسەر کردەوە، کە باشترین میتۆد بۆ هێزێکی چەپی مارکسی، گەڕانەوەیە بۆ خەڵک و بیرکردنەوە لە چارەسەرییەکان.
سەبارەت بە دۆخی عێراق، ئەو پرسیارەی وروژاند کە پەرلەمان و حکومەتی نوێ بە چ بەرنامەیەک پێکدێن، ئایا تەنها کاراکردنەوەی دامەزراوەکان بەسە، یان ناوەڕۆکی کارنامەکەیان گرنگە؟
هیوا عومەر بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئاراستەی گفتوگۆ سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، لە زۆنی زەرد و سەوز، هیچ پەیوەندییەکیان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی یان بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە. ئەو جەختی کردەوە کە ناوەڕۆکی جەوهەری گفتوگۆ سیاسییەکان لە ئێستادا تەرخان کراوە بۆ ئەوەی چۆن نیشتمان بکرێتە قوربانی حیزب و حیزبیش بکرێتە قوربانی ناوەندێکی ئۆلیگارشی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هیوا عومەر ڕایگەیاند، کە حزبی شیوعی زنجیرەیەک گفتوگۆ و دیدار لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، ڕاپەڕین، دهۆک و کەرکوک ئەنجام داوەو دەدات. ئامانجی کۆتایی ئەم دیدارانە ئەوەیە کە بە بۆنەی ٣۳ ساڵەی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستانەوە، ئەو بیروڕا و پێشنیارانەی لەگەڵ خەڵک و ڕۆشنبیراندا دەستکەوتوون، کۆبکرێنەوە و بکرێنە پرۆژەیەکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان.
ئامادەبووانی دیدارەکە، بە چەندین پرسیارو پێشنیاری جیاواز بەشدارییان کرد


