
لە کاتێکدا ئەمساڵ ئاستی بارانبارین بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە و بووەتە هۆی ژیانەوەی بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکان و پڕۆژەی نوێی دابینکردنی ئاو بەکارخراون، بەڵام هێشتا لە بەشێک لە گەڕەک و قەزا و ناحیەکانی هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی جارێکی دیکە خەڵک ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە.
هاووڵاتییان چاوەڕوان بوون ئەم ساڵ بەتایبەتی لەم وەرزەدا کێشەی ئاویان نەبێت، بەڵام دیسانەوە بە پاساوی، کێشەی تەکنیکی، پچڕانی کارەبا و نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی دابەشکردنی ئاو، وەک پێویست ئاوی خواردنەوە بەردەست نییە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن: کێشەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ڕێژەی بارانبارینەوە، بەڵکوو کۆن بوونی بەشێک لە تۆڕەکانی ئاو، بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییان و نەبوونی سیستمێکی مۆدێرنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بەشێکی تری ئەم گرفتە درێژخایەنەن.
